مەخمور...لەبارەی پشووی خوێندنگەکانەوە ڕوونکردنەوە دەدرێت

بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مەخمور لە ئاگادارییەكدا ئەوەی ڕوونكردۆتەوە، ئەو ناوچانەی مەترسی لافاویان لەسەرە دەتوانن دەوام نەكەن. دەشڵێت "ئەو ڕۆژانەی دەكرێنە پشوو لە ڕۆژانی داهاتوودا دەبێت مامۆستایان قەرەبووی وانە فەوتاوەكان بكەنەوە".

ئەمڕۆ شەممە 8-12-2018 بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی مەخمور، ڕوونكردنەوەیەكی سەبارەت بە پەروەردەی ئەو ناوچانەی مەترسی لافاویان لەسەرە بڵاو كردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوەكردووە، بەهۆی زۆری رێژەی بارانبارین، قوتابخانەكانی سنوری پەروەردەی مەخمور و ئەو گوندانەی كە مەترسی لافاویان لەسەرە، سەرپشك كراون لەوەی دەوام بكەن یاخود نا و دەتوانن مامۆستا و خوێندكاران ئاگادار بكەنەوە و بیكەنە پشوو تا دۆخەكە ئاسایی دەبێتەوە.

ئەوەشخراوەتەڕوو، ئەو ڕۆژانەی دەكرێنە پشوو لە ڕۆژانی داهاتوودا دەبێت مامۆستایان قەرەبووی وانە فەوتاوەكان بكەنەوە بۆ ئەوەی خوێندكاران لە پرۆسەی خوێندن لەمساڵدا دوانەكەون.



PM:04:08:08/12/2018