کاروان ئەنوەر بۆ ڕۆژنامەنوسان: کەناڵە فەرمییەکان بەکاربهێنن نەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان

سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ڕایگەیاند کە ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا گیروان لەسەر یاسای خراپ بەکارهێنانی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان بووە، نەک یاسای ڕۆژنامەوانی و داواش لە ڕۆژنامەنووسان دەکات بۆ دوورکەوتنەوە لەو بابەتە کەناڵە فەرمییەکان بەکاربهێنن نەک تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

لە ڕوونکردنەوەیەکدا کە وێنەیەکی بۆ سپی میدیا نێردراوە، کاروان ئەنوەر سكرتێری لقی سلێمانی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان ڕایگەیاند "
چەندین جارە كە رۆژنامەنووسەكانی سنووری لقەكەمان لەرێگەی پۆست و بڵاوكردنەوەی بۆچوونەكانیان لەرێگەی تۆڕە كۆمەڵایەتیەكانەوە، بەیاسای ژمارە 6 ی ساڵی 2008 یان ماددەو بڕگەكانی تری یاساكانی عیراق دادگایی دەكرێن و بەتایبەت ماددەی دوەمی مۆبایل  كە دەستگیر كردن و دەستبەسەركردنی تێدایە و دادوەرە بەڕێزەكان بە پەیرەوكردنی بڕگەو ماددەكانی ئەم یاسایە لەهەندێك حاڵەتدا كار دەكەن."

سەبارەت بە کەیسی بەرهەم ساڵح، کە ڕۆژنامەنوسە لە کەناڵی ئێن ئاڕ تی دەڵێت "كێشەی رۆژنامەنووس بەرهەم ساڵح كە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك پۆستێكی لەسەر نەخۆشخانەی بەخشین بڵاوكردبوەوە و پاشان سڕیبوویەیوە، بەڵام پارێزەرانی نەخۆشخانەكە بەیاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلكترۆنیەكان سكاڵایان لەسەر تۆمار كردبوو كە لە راستیشدا وایەو لە یاسای ژمارە 35 ساڵی 2007 بەهیچ جۆرێك باس لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان نەكراوە، بۆیە دادگاكان بە ناچاری پەنا بۆ یاسایەك دەبەن كە پەیوەست نیە بە میدیاو میدیاكاران..
ئەمڕۆ سێشەممە  11/12 لەگەڵ نوێنەری یاسایی لقەكەمان پارێزەر شیلان عەزیز سەردانی بنكەكانی پۆلیس و دادوەری بەڕێزمان كردو لە بنەمای كێشەكەیان كۆڵیەوە كە بەرهەم ساڵح راستە لە فەیسبووك نووسینی بڵاوكردوەتەوە بەڵام لەبەر ئەوەی، یەكەم/ رۆژنامەنووسە و كاری رۆژنامەنووسی دەكات و دوەم/لە وردەكاری یاساو شێواز و رێساكانی یاسا بەركارەكان شارەزا نەبوە، بۆیە هیوادارین تەنها یاساكەیمان بۆ بگۆڕن بە یاسای كاری رۆژنامەنووسی و بەكەفالەت بتوانین لە گرتن و گواستنەوە بیهێنینە دەرەوە ئەگینا دەبێت تا رۆژی 17 ی مانگ واتە یەك شەممەی داهاتوو لە زیندان بمێنێتەوە."

ئەو بەرپرسەی سەندیکای ڕۆژنامەنوسان دەشڵێت "بە سوپاسەوە دادوەری بەڕێز بە سۆزو بەزەیی خۆی گوێی بۆ داواكاری پارێزەرو سكرتێری لقق گرتو وەك رۆژنامەنووسێك بەرهەم ساڵح ی ناوبرد و ماددەكەی بۆ كردەوە بە رۆژنامەگەری.. بۆیە عەسری ئەمڕۆ بە كەفالەت ئازاد كراو گەڕایەوە ناو ماڵ و منداڵی خۆی."
کاروان ئەنوەر ڕاشیگەیاند بەداخەوە هەر ئەم ئێوارەیە هەواڵی دەستگیركردنی رۆژنامەنووسێكی ترمان پێگەیشت بەناوی بەرزان ئەیوب كە لەسەر پۆستێكی تری تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان دەستگیر كراوە بەڵام هێشتا نەچووینەتە ناو وردەكاری كێشەكەوە تا بزانین وردەكاریەكان چین..

داواش لە ڕۆژنامەنوسان دەکات 
 تا یاسایەیەك یان رێنمایی تایبەت بە تۆڕە كۆمەڵایەتیەیكان دەردەچێت، كەناڵە رەسمیە مۆڵەتدارەكان بەكار بهێنن بۆ گەیاندنی بیرو بۆچوونەكانتان نەك تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان.
هەروەها داوا دەکات  بۆ ئەندامانی لقەكەمان و ئەو رۆژنامەنووسانەش كە كاری میدیا دەكەن و ئەندام نین، ئەگەر كەیسەكانتان پەیوەست بوو بە كاری میدیاییەوە تكایە سەندیكاو نوێنەری یاساییمان ئاگادار بكەنەوە تا لە وردەكاریی ئاگادار بین و كەیسەكانتان لەناو بنكەكانی پۆلیس و دادگاكاندا چارەسەر ببن..

ئەو بەرپرسەی سەندیکا ڕاشیگەیاند "ئەركی سەرشانمانە بەرگری لە رۆژنامەنووسان بكەین لەچوارچێوەی یاساو رێساكاندا، بەڵام بەداخەوە هەندێك كەناڵ و كەسو لایەن، ئەو كەیسانەی ئێوە دەقۆزنەوەو بە لا ڕێدا دەیانبەن بەمەبەستی تایبەتیی خۆیان، هاوكات كارەكەی ئێمەو كێشەكانی ئێوەش ئاڵۆزتر دەكەن."

کاروان ئەنوەر لە بەشێکی تری ئەو ڕوونکردنەوەیەدا دەڵێت "
كە ئەندامێكمان دەستگیر دەكرێت پێویستە هەوڵ بۆ ئازادكردنی بدەین لەچوارچێوەی یاسادا، نەك بە دەركردنی بەیاننامەو دیداری میدیاییو بەلارێدا بردنی كەیسەكان، هاوكات بەناوی رەخنەو بەیاننامەوە هێرش بكرێتە سەر ئەم لایەن و ئەو لایەن، یان دادگاو بنكەكانی پۆلیس تۆمەتبار بكەن (ئەوەش بەمەبەستی تایبەتی خۆیان).."

ڕوونیشی کردوووەتەوە 
ماوەیەكە كەیسەكان ئەوەندە زۆر بوون وەختە بڵێم خەریكە فریای بەهاناوە چوون ناكەوین، چونكە لقی سلێمانی تەنها یەك پارێزەری خۆبەخشی هەیە كە نوێنەری یاسایی لقمان دەكات، ئەگەر كار وا بڕوات دەبێت رێگاچارەیەكی تر بدۆزینەوە.


PM:09:57:11/12/2018