"ئەمریکا و هاوپەیمانان سوپایەکی یەکگرتووی پێشمەرگەیان دەوێت"

فەرماندەی هێزەكانی ٧٠ی پێشمەرگە ڕایگەیاند، ئەمەریکا و هاوپەیمانان کار لەسەر دروستکردنى سوپایەکى یەکگرتوو پێشمەرگە دەکەن

جەعفەر شێخ مستەفا، فەرماندەی هێزەكانی ٧٠ی پێشمەرگە بە ئەنادؤلی وتووە، هەرێمی كوردستان پێویستی بە سوپایەكی نیشتمانی یەكگرتوو هەیە، لە ئێستاشدا هێزەكانی هاوپەیمانان لە ئەمریكا و بەریتانیا و ئەڵمانیا تیمێكی هاوبەشیان هەیە و بە جددی كار لەسەر داڕشتنەوەی ئەو وەزارەتە و دروستكردنی سوپایەكی پێشمەرگەی یەكگرتوو دەكەن، تا ئێستاش لەو بوارە هەنگاوی باش نراوە.
ڕاشیگەیاندووە كابینەكانی پێشووی حكوومەت ١٢ تا ١٤ لیوا كەوتوونەتە ژێر فەرمانی وەزارەتی پێشمەرگە و یەكیانگرتووەتەوە، هیچ ڕێگرییەكی سیاسی لەبەردەم یەكخستنی ئەو هێزانەدا نییە جگە لە نەبوونی پێداویستی و سەرقاڵبوونى هێزەکانى پێشمەرگە بە ڕووبەڕووبوونەوەى هەڕەشەکانى سەر هەرێم.

سەبارەت بە مەترسییەکانی داعش و سەرلەنوێ چالاکبونیان دەڵێت، داعش ئێستا چالاكیی پەیداكردووەتەوە و لە هەموو ڕوویەكەوە بەهێز بووە و جۆری شەڕەكانی لە شارەكانەوە بۆ شەڕی پارتیزانی گۆڕیوە لە هەموو لایەکەوە. 

هەروەها جەخت دەکاتەوە، كردەوەكانی داعش تەنها لە ناوچەكانی كەركوك نییە، ئەوان لە جەلەولا و سەعدیە و قەرەتەپە و خورماتوو و مەخموور و قەرەچوخ و شاخی حەمرین و ئەنبار و تكریت و موسڵ تا دەگاتەوە شنگال بوونیان هەیە و، هێز و دەسەڵاتیان هەیە و خاكیان لەژێر دەستدایە، لەبەرئەوە داعش لەناونەچووە و ڕۆژ بە ڕۆژ دەسەڵاتی زیاتر دەكات.



PM:10:20:13/12/2018