ماوه‌ی یه‌ك مانگ پێویسته بۆئه‌وه‌ی بودجه‌ی 2019ی عیراق بخرێته‌بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، بریكاری پێشووی وه‌زاره‌تی دارایی عیراقیش رایده‌گه‌یه‌نێت: له‌مانگی (3)ه‌وه عیراق به‌پێی بودجه‌ی 2019 موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران ره‌وانه‌ی عیراق ده‌كات.
د.فازڵ نه‌بی بریكاری پێشووی وه‌زاره‌تی دارایی عیراق تۆڕی هەواڵی سلێمانی راگه‌یاندووە: دوای په‌سه‌ندكردنی بودجه‌ی 2019ی عیراق له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه‌وه، ماوه‌ی مانگێك پێویسته تاوه‌كو بودجه ده‌خرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه، چونكه دوای ئه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران بودجه‌كه ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار ده‌كات و په‌سه‌ند ده‌كرێت، ده‌بێت له‌ڕۆژنامه‌ی وه‌قایع بڵاوبكرێته‌وه.
وتیشی "به‌هه‌موو پێوه‌ره‌كان ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌فته‌ی داهاتوو بودجه ره‌وانه‌ی سه‌رۆكایه‌تی كۆمار كرا، ئه‌وكاته له‌مانگی (3) ده‌خرێته بواری جێبه‌جێكردنه‌وه‌و موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم به‌گوێره‌ی ئه‌و بڕه پاره‌یه‌ی له‌بودجه‌كه‌دا جێگیركراوه ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت".
راشیگه‌یاند: به‌و پێیه‌ی بودجه له 1ی 1ی 2019وه كاری پێده‌كرێت، بۆیه هه‌رێم مافی خۆیه‌تی و ده‌توانێت داوای ره‌وانه‌كردنی جیاوازی موچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌ردوو مانگی (1 و 2) بكات، چونكه ئێستا مانگانه بڕی (317)ملیار دینار بۆ موچه ره‌وانه‌ی هه‌رێم ده‌كرێت، به‌ڵام له‌بودجه‌ی 2019ی عیراق، بڕی 522 ملیار بۆ موچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و پێشمه‌رگه دینار جێگیركراوه، به‌مه‌ش جیاوازی موچه‌ی ئه‌و دوومانگه ده‌كاته (410)ملیار دینار.
راشیگه‌یاند: ئه‌گه‌ر عیراق بڕی ئه‌و 522 ملیاره مانگانه ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكات، ئه‌وكاته هه‌رێم ده‌توانێت پاشه‌كه‌وتی موچه هه‌ڵبگرێت.