پارتی کاندیدی خۆی بۆ پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان ئاشکرا کرد

پارتی دیموکراتی کوردستان کاندیدی خۆی بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئاشکرا کردو، هێمن هەورامی سەرۆکی لیستی پارتی لە هەڵبژاردنی ئەیلولی پەرلەمانی کوردستانی بۆ ئەو پۆستە کاندیدکردووە.

چەند رۆژێکە بەجدی پارتی سەرقاڵی خۆ ئامادەکردنە بۆ سازدانی دووەم کۆبوونەوەی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە ١٨ ی ئەم مانگە سازبکرێت.

کوردستان ٢٤ میدیای نزیک مەسرور بارزانی کاندیدی پارتی بۆ سەرۆکی حکومەتی ئایندەی هەرێم، بلآویکردەوە کە هێمن هەورامی کاندیدی پارتی یە بۆ جێگری سەرۆکی پەرلەمان.

هەرچەندە ئەم گەرموگوڕیە لەلایەن پارتی یەوە بۆ سازدانی کۆبوونەوەی پەرلەمان سازدەکرێت، بەلآم تا ئێستا یەکێتی لەناوخۆیدا دوو رایە، مەکتەبی سیاسییەکەی لەگەڵ سازدانی کۆبوونەوەکەدایە لە ١٨ ی شوباتدا، بەلآم ژمارەیەک لە سەرکردایەتی یەکێتی ئەو کۆبوونەوەیەیان مەرجدار کردووە بە دانانی پارێزگارێکی نوێ بۆ کەرکوک.

بەپێی رێککەوتنی پارتی و یەکێتی سەرۆکی پەرلەمان بۆ یەکێتی دەبێت و جێگری یەکەم بۆ پارتی و جێگری دووەم بۆ تورکمان دەبێت.



AM:05:30:12/02/2019