هاوپەیمانیی نیشتمانی: دواكەوتنی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان هەرێم لەكەدار دەكات

هاوپەیمانیی نیشتمانی راگەیەندراوێك لەبارەی كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بڵاودەكاتەوە و ڕایگەیاندووە " دواكەوتنی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و لیژنەكان، زیانی بە پێگەی سیاسی و ناوبانگی ھەرێمی كوردستان گەیاندووە".

بەپێی راگەیەندراوەكە، كە وێنەیەكی بۆ "سپی" نێردراوە هاوپەیمانیی نیشتمانی ئامادەیی خۆی بۆ ھاوكارییكردنی حكومەت و پەرلەمان لەو بابەت و پرسانەی كە خزمەت بە پرسە نیشتمانییەكان دەكەن دەربڕیوە و ڕایگەیاندووە "دواكەوتنی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و لیژنەكان، زیانی بە پێگەی سیاسی و ناوبانگی ھەرێمی كوردستان گەیاندووە".


دەقی راگەیەندراوەكە:

ڕاگەیەنراوێك لە ھاوپەیمانیی نیشتمانییەوە

دەربارەی كۆبوونەوەی چاوەڕانكراوی پەرلەمانی ھەرێمی كوردستان

سەرەڕای بەكراوەیی جێھێشتنی كۆبوونەوەی یەكەمی ئەم خولەی پەرلەمان، كۆبوونەوەی چاوەڕوانكراوی پەرلەمانی ھەرێمی كوردستان بە گرنگ دەزانین بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بۆ دەستكردن بە كار و جێبەجیكردنی ئەركی پەرلەمان لە یاسادانان و چاودێریكردن، بەو پێیەی دواكەوتنی ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و لیژنەكان، زیانی بە پێگەی سیاسی و ناوبانگی ھەرێمی كوردستان گەیاندووە و پرۆسەی دیموكراسی و دۆخی سروشتیی كاری دامەزراوە یاساییەكانی خستۆتە ژێر پرسیار، ئەمە جگە لەوەی دواكەوتنی دەستبەكاربوونی پەرلەمان كاریگەریی نەرێنیی لەسەر دۆخی ژیان و بژێویی ھاووڵاتیان بووە و دەبێت، بۆیە ھیوادارین بە زووترین كات كۆبوونەوەی پەرلەمانی كوردستان بۆ ھەڵبژاردنی دەستەی سەرۆكایەتی ئەنجامبدرێت و تەواوی فراكسیۆن و پێكھاتە جیاوازەكان بەشداربن.

لە سەروبەندی دەستپێكی كاری پەرلەمان و پێكھێنانی حكومەتی داھاتوو، ھاوپەیمانیی نیشتمانی لەگەڵ بوونی پەرلەمانێكی كارا و حكومەتێكی خزمەتگوزاردایە، ھاوپەیمانی بە ئەركی نیشتمانی و ستراتیجیی خۆی دەزانێت كە چاودێری كارەكانی حكومەت بكات و ڕەخنە لە كەموكورتییەكان بگرێت، وێڕای ئەوەش، پڕۆژەیاسا پێشكەش بە پەرلەمان و حكومەت دەكەین كە لە بەرژەوەندی و خزمەتی ھاووڵاتیاندا بێت، ھاوپەیمانی ئامادەیە بۆ ھاوكارییكردنی حكومەت و پەرلەمان لەو بابەت و پرسانەی كە خزمەت بە پرسە نیشتمانییەكان دەكەن، بۆیە ھیوادارین ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان لە جێبەجێكردنی ئەركە دیاریكراو و یاساییەكانیدا سەركەوتوو بێت، ھەروەھا حكومەتێكی خزمەتگوزار و ھاووڵاتیدۆست پێكبێت.

ھاوپەیمانیی نیشتمانی بەرھەڵستكارێكی جددی دەبێت بۆ دیاردە و دەردی گەندەڵی و بەفیڕۆدانی سامانی گشتی و سەرچاوەكانی وزە، بۆ ئەم مەبەستەش ھەماھەنگیی تەواومان دەبێت لەگەڵ فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و حكومەتی ھەرێمی كوردستان، دڵنیاین گەر ویستی چاكسازی ھەبێت، توانای باشتركردنی دۆخی سیاسی و ئابوری و كۆمەاڵیەتی و ژیانی ھاوواڵتیان ھەیە. ھەرچی تایبەتە بە بەشدارییپێكردنی پێكھاتەی توركمان و پێدانی جێگری دووەمی سەرۆكی پەرلەمانی ھەرێمی كوردستان، ھاوپەیمانیی نیشتمانی لە بڕوابوونی بە ستراتیجییەتی پێكەوەژیانی سیاسی و نەتەوەیی پشتگیری لەو ھەنگاوە دەكات و خوازیارە پێكھاتەكانی دیكەی مەسیحی و ئێزدی و كاكەیی ڕۆڵی گرنگ و كارایان پێبدرێت لەپێناو دروستكردنی ژیانێكی شایستە بە ھاوواڵتیانی ھەرێمی كوردستان.

ئەنجومەنی‎سیاسی‎ھاوپەیمانیی نیشتمانی

۱٨ی شوباتی ٢٠١٩



PM:03:02:18/02/2019