ژمارەیەك شەڕڤان لەدەستی داعش ڕزگاركران

پێگەی فەرمی هێزەكانی سوریای دیموكرات "هەسەدە"، بڵاویكردەوە، هێزەكانیان لەچوارچێوەی ئۆپەراسیۆنی گوندی باغۆز و گەمارۆدانی ئەو چەكدارانەی داعش كە لەناوچەكەدا دەسەڵاتیان هەیە، لەگەڵ رزگاركردنی خەڵكی سڤیل، توانیویانە 24 شەڕڤان لەهێزەكانیان لە دەست چەكدارانی رێكخراوەكە رزگاربكەن.

پێگەی فەرمی هێزەكانی سوریای دیموكرات ئەوەشدەخاتەرو، شەڕڤانەكان لەچەند ڕۆژی رابردوو لەلایەن چەكدارانی داعشەوە رفێندراون، و دواتر لەگەڵ رزگاركردنی خەڵكی سڤیلی ناوچەكە، رزگاركراون.

پێشتر، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا، بەرێوەبەری هەڵمەتی جەزیرە رایگەیاند، هێزەكانی سوریایی دیموكرات گەمارۆی ئەو ناوچەیەیان داوە و لەژێر دەسەڵاتی چەكدارانی داعش-دایە، بەڵام سەرەڕای چاندنی مین، پاشماوەكانی داعش، بەربەستی مرۆییان لە هاوڵاتیانی مەدەنی بە چواردەوری ناوچەكەدا دروستكردوە و بەو هۆیەوە شەڕڤانان بە هەستیاری مامەڵە دەكەن.

چیا فورات وتیشی، ناوچەی باغۆز لە رۆژهەڵاتی روباری فورات و لە نزیك سنوری عێراق دواین ناوچەی سوریا بو، كە لەژێر دەسەڵاتی داعشدا مابو، ئەمڕۆ بەهاوكاری هێزەكانی سوریای دیموكرات كە لەلایەن هێزە كوردییەكانەوە سەركردایەتی دەكرێت ئازادكراوە.

بەپێی لێدوانەكانی بەرپرسانی هێزەكانی سوریایی دیموكرات ئەو چەكدارنەی كە لە گەمارۆدانی هاوڵاتی سڤیلی ناوچەكە بەشدارن زۆرینەیانی چەكداری بیانی بەڕەگەز ئەوروپی و ئاسیاین.




PM:03:24:28/02/2019