زیانلێكەتوانی رەواندز و چۆمان و سۆران قەرەبوودەکرێنەوە

 وەزارەتی دارایی عێراق بڕە پارەیەك لە بودجەی فریاكەوتنی عێراق بۆ قەرەبووكردنەوەی خەڵكی زیانلێكەتووی رواندز و چۆمان و سۆران تەرخان دەکات.

نووسینگەی د.بەشیر حەداد جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "لە 18-11-2018، نووسراوێكمان بۆ وەزارەتی دارایی عێراق کردووە و داوامان لێكردن لە بودجەی فریاكەوتن بەشێك بۆ ئەو ناوچانەی هەرێمی كوردستان تەرخان بكرێت كە بەهۆی لافاوەوە زیانیان پێگەیشتووە.

ئەوەشهاتووە، داواشمان لە قایمقامیەتی هەر سێ قەزای (سۆران و چۆمان و رواندز) كرد دەرخستەیەكی سەرەتایی زیانەكانمان بۆ بكەن، دەرخستەكەیان بۆ ناردین، ئێمەش بۆ وەزارەتی داراییمان نارد، دوو جاریش بە زارەكی وەزیری داراییمان گوتووە پارەكە دوا كەوتووە و لای ئێوەیە، ناكرێ بڵێن بودجە ماوە یان نەماوە، چونكە ئەمە لە بودجەی فریاكەوتنە و هەموو كات و ساتێك پارەكە ئامادەیە، ئێستاش بڕیارەكە لای وەزارەتی دارایی ماوە بۆ خەرجكردنی".

لەبەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە هاتووە "سەرەڕای ئەوەی لە دەرەوەی یاسای بودجە توانیمان 16 ملیار دینار بۆ هەرێمی كوردستان دابین بكەین، ئومێد دەكەین سەرەڕای ئەو پارەیەی وەزارەتی دارایی بۆیان دابین دەكات، ناوچەكانی سۆران و چۆمان و رواندز لەو 16 ملیار دینارەش بەشێكیان هەبێت.


PM:04:22:02/03/2019