سەبارەت بە مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی یەکە نیشتەجێبوونەکان ڕوونکردنەوە دەدرێت

سەبارەت بە وەرگرتنی پارە لەکاتی مامەڵەی کڕین و فرۆشتنی یەکە نیشتەجێبوونەکان ڕوونکردنەوە دەدرێت و ئەندامێکی ئەنجومەنی پارێزگاش دەڵێت "سکاڵا لەدژی ئەو کۆمپانیایانە تۆمار دەکەین".

ڕێکەوت زەکی، ئەندامی ئەنجومەنی پاررێزگای سلێمانی لە ڕوونکردنەوەیەکدا  کە وێنەیەکی بۆ "سپی" نێردراوە ئـەو ھاوڵاتیانە ئاگادار دەکاتەوە کە لەکاتی کڕین و فرۆشتنی یەکەکانیان لەپرۆژەکانی نیشتەجێبوون لەلایەن کۆمپانیاکانەوە داوای پارەیان لێدەکرێت.

لە ڕوونکردنەوەکەدا هاتووە "دوای بەدواداچونمان لای بەڕێزان بەڕێوەبەری فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی گشتی وەبەرھێنانی سلێمانی و ڕونکردنەوەی فەرمانگەی یاسایی دەستەی وەبەرھێنان، لەسەر ئـالیەتێک ڕێککەوتوین بۆ جوڵاندنی سکاڵا لەدژی ئـەو کۆمپانیایانە بەگوێرەی یاسای سزادانی عیراقی".

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگا ڕایگەیاندووە "بەڵام سەرەتا پێویستە ئـەو ھاوڵاتیەی پارەی داوە یان داوای پارەی لێکراوە سەردانمان بکات بەتەواوی زانیاریەکانەوە، دواتر بەنوسراو زانیاریەکانی ئـاڕاستەی بەڕێز فەرمانگەی داواکاری گشتی سلێمانی دەکەین لەوێوە سکاڵا لەدژی کۆمپانیاکە دەجوڵێنرێت و بەگوێرەی یاسای سزادانی عیراقی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت".


PM:04:43:06/03/2019