زانیاری لەبارەی دواكەوتنی موچەی مانگی ١٢ ئاشكرادەكرێت

هەرچەندە چاوەڕوان دەكرا مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان هاوشێوەی مانگەكانی ڕابردوو لە ڕۆژی ٥ی ئازار یان ڕۆژێ دواتر دابەش بكرێت، بەڵام تاوەكو ئێستا دەست بە دابەشكردنی نەكراوە.

بەگوێرەی ئەو زانیاریانەی دەست "سپی" كەوتووە لیستی تەواوی وەزارەت و فەرمانگەكان ئاراستەی گەنجینەكان كراون و وردبینیشیان تێدا كراوە و چەكی دابەشكردنی مووچەشی پێكراوە، بانكەكانیش ئامادەكارییان دەست پێكردووە، تەنھا چاوەڕێی فەرمانی وەزارەتی دارایی دەكرێت بۆ دابەشكردنی موچە.

هەر بەگوێرەی زانیاریەكان سەرەڕای ئامادەكاریەكان هیچ فەرمانێك لەلایەن وەزارەتی داراییەوە ئاراستەی گەنجینەكان نەكراوە، تاوەكو دابەشكردنی مووچەی فەرمانبەران دەست پێ بكات.
 
دواكەوتنی موچەی مانگی ١٢ لەكاتێكدایە ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ڕەزامەندی دەربڕیوە بە بە خەرجكردنی موچەی فەرمانبەرانی هەرێمی كوردستان.

سەرچاوەكان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن لە چەند ڕۆژێكی داهاتوودا وەزارەتی دارایی عێراق پارەی مانگی ٣ی ئەمساڵ دەخاتە سەر حیسابی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان كە بڕەكەی ٥٢٢ ملیار دینارە و جیاوازی مووچەی مانگەكانی یەك و دووش دەنێرێت.



PM:12:15:07/03/2019