كاتی راگەیاندنی دەرئەنجامەكانی تاقیكردنەوەی كۆتایی خولی تەواوكاری زمانی ئینگلیزی ئاشكرادەکرێت

دوای ئەوەی تاقیكردنەوەی كۆتایی خولی تەواوكاری زمانی ئینگلیزی لە سێنتەرەكانی زمان بۆ كاندیدانی ماستەر و دكتۆرا و خوازیارانی بەدەستهێنانی نازناوی زانستی بەڕێوەچو، وابڕیارە ڕۆژی سێشەممە ڕێكەوتی (١٢/٣/٢٠١٩) دەرئەنجامەكان ڕابگەیەنرێت.

لە راگەیەندراوێكدا وەزارەتی خوێندنی باڵا ئاشكرایكردووە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی بەهاوكاری ڕێكخراوی ئیمیدیستی ئەمریكی و، سێنتەرەكانی زمان لە زانكۆكان پرۆسەی تاقیكردنەوەكانی كۆتایی خولی تەواوكاری زمانی ئینگلیزی لە سێنتەرەكانی زمانی زانكۆكانی (سەڵاحەددین/هەولێر، سلێمانی، دهۆك، گەرمیان، سۆران و ڕاپەڕین) بەسەركەوتویی بەڕێوەبرد، بۆ ئەوەش ڕۆژی سێشەممە كە دەكاتە ڕێكەوتی (١٢/٣/٢٠١٩) دەرەنجامی ئاستەكانی (Intermediate - Upper-Intermediate - Pre- Advanced) بۆ كاندیدانی ماستەر و دكتۆرا و خوازیارانی بەدەستهێنانی نازناوی زانستی ڕادەگەیەنرێت.

ئاماژە بەوەشكراوە، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی بەشداربوانی ئاستەكانی دیكەش ئاگادار دەكات، كە لە ئایندەیەكی نزیكدا ئەنجامی ئاستەكانی دیكە بەهەمان شێوە ڕابگەیەنرێـت.



PM:05:45:10/03/2019