جه‌بار یاوه‌ر: ئه‌و بودجه‌یه‌ی عیراق بۆ پێشمه‌رگه‌ی ده‌نێرێت به‌شی موچه‌ی نیوه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ناكات

ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رایگه‌یاند، ئەو بڕە پارەیەی مانگانه‌ حكومه‌تی عیراقی بۆ موچه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ته‌رخان كردوه‌، به‌شی موچه‌ی نیوه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ناكات.

جه‌بار یاوه‌ر، ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندوە، "ماوه‌ی نزیكه‌ی دوو ساڵه‌ ئه‌مریكا مانگانه‌ 20 ملیار دینار ده‌داته‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ موچه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌، حكومه‌تی عیراقیش جگه‌ له‌ به‌شه‌ بودجه‌ی هه‌رێم، مانگانه‌ بودجه‌یه‌كی تایبه‌تی 68 ملیار دیناری بۆ موچه‌ی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ته‌رخان كردوه‌، به‌ڵام ئه‌و بڕه‌ پاره‌یه‌ به‌شی موچه‌ی نیوه‌ی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ناكات، ئه‌گه‌ر به‌پێی سیستمی موچه‌ی په‌یڕه‌وكراو بدرێته‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌".

وتیشی، "ده‌بێت مانگانه‌ بڕی نزیكه‌ی 140 ملیار دینار بودجه‌ هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت به‌پێی سیستمی به‌رگری عیراقی موچه‌ بده‌ینه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ده‌بێت مانگانه‌ نزیكه‌ی 280 ملیار دینار بودجه‌مان بۆ هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌به‌رده‌ست بێت."

 ئه‌مینداری گشتی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ راشیگەیاند، "لە دوو یاسای بودجەی ئه‌مریكادا بڕێك پاره‌ ته‌رخان كراوه‌ بۆ یارمه‌تی دانی به‌شێك له‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ كه‌ شه‌ڕی دژی داعشیان كرد، ئه‌وه‌ش بۆ نزیكه‌ی 26 هه‌زار پێسمه‌رگه‌یه‌ كه‌موچه‌كانیان له‌و بڕه‌ پاره‌ ده‌درێت كه‌ مانگانه‌ 20 ملیار دیناره‌".



AM:09:47:18/03/2019