ئیدارەی گەرمیان دەوامی فەرمانبەرانی ئاسایی كردەوە

دوای ئەوەی پاشەكەوتی مووچە هەڵگیرا ئیدارەی گەرمیان بڕیاری دا لە هەفتەی داهاتووەوە دەوامی فەرمانبەران ئاسایی بكرێتەوە.

دوێنێ بەسەرپەرشتی سەڵاح كوێخا، سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان و یونس ئەحمەد جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان وبەئامادەبوونی قائیمقامی قەزاكانی كەلار و كفری و بەڕێوەبەری گشتی و بەڕیوەبەری فەرمانگە حكومیەكانی سنوری ئیدارەی گەرمیان لەهۆڵی كۆبونەوەكانی ئیدارەی گەرمیان كۆبونەوەیەك بەڕیوەچوو.

لە كۆبوونەوەكە سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان سوپاسی فەرمانبەرانی سنووری ئیدارەكەی كرد كە سەرەڕای قەیرانی دارایی و سەختی گوزەران و ژیان توانیویانە بەباشی ئیش وكاری فەرمانگەكانیان ڕاپەرینن و ئەوەی بەشەرەفێكی گەورە وەسفكرد.

سەڵاح كوێخا رایگەیاند: كاتی ئەوەهاتووە حكومەت پرۆسەی دەوامی فەرمانبەرانی دامودەزگاكانی لەسنورەكەدا بەشێوەیەكی گونجاو ریكبخاتەوە و بەباشترین شێوە بخریتە خزمەت هاووڵاتیانی خۆشەویستی گەرمیان.

لەو چوارچێوەیەشدا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان رایگەیاند كە لە ڕۆژی یەك شەممەی داهاتووەوە دەوامی فەرمانبەران ئاسایی دەكرێتەوە.



AM:10:09:04/04/2019