وەزیری دارایی: موچە خۆران دڵنیادەكەمەوە كە موچە بە بێ پاشەكەوت و بێ دواكەوتن بەردەوام دەبێت

ڕێباز حەملان، وەزیری دارایی هەرێمی كوردستان لەبارەی موچە پاشەكەتكراوەكانەوە زانیاری ئاشكرادەكات و ڕایدەگەیەنێت "من هەموو موچە خۆرانی هەرێمی كوردستان دڵنیادەكەمەوە كە موچە بەردەوام دەبێت و بە تەواوی دەدرێت بە بێ پاشەكەوت و بێ دواكەوتن".

ڕێباز حەملان بە بەشی كوردی دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە "ئێمە چەند جاری پێشوو ڕامانگەیاندووە بڕیاری ژمارە(64)بڕیاری پاشەكەوتی موچە، بڕیارێكی ناچاری حكومەت بووە بۆ دانانی پاشەكەوت ئێستاش كە بڕیاری لادانی پاشەكەوتی موچە دراوە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە حكومەتی عیراقی بڕیاری داوە مانگانە بڕی 522 ملیار دینار بنێرێت كە لەوە(68) ملیاری بۆ هێزەكانی پێشمەرگەیە بەڵام تا ئێستا ئەو بڕیارە وەك خۆی نەچۆتە جێ بەجێ كردنەوە تەنها مانگی 453 ملیار دینار دەنێرێت ئێستا ئێمە دەستمان كردووە بە پێدانی موچەی مانگی یەك كە حكومەتی عیراقی ئەو پارەیەی بۆ مانگی 4 ناردووە، بەڵام هێشتا نەیناردووە لەچەند ڕۆژی داهاتوو دەینێرێت."

ڕێباز حەملان سەبارەت بە دەنگۆی بڕینی بەشە بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم لەلایەن بەغدادەوە وتی" من هەموو موچە خۆرانی هەرێمی كوردستان دڵنیادەكەمەوە كە موچە بەردەوام دەییت بە تەواوی دەدرێت بە بێ پاشەكەوت هیچ گرفتێك نایەتە پێش چونكە لەسەرەتای دانانی یاسای بودجە بە شێوازێك داڕێژراوە كە ئێمە بتوانین مانگانە 30 ڕۆژ جارێك موچەی فەرمانبەران بە تەواوی بێ پاشەكەوت بدەین لەو پارەیەی كە لەبەغدادەوە دێت هەروەها لەو داهاتەی لەبەردەست حكومەتی هەرێمە."

دەربارەی ئەوەی دەوترێت هەرێمی كوردستان پابەند نیە بە یاسای بودجەی عیراق-نەوت ڕادەستی بەغداد ناكات، ڕێباز حەملان وتی" لەگەڵ بەغداد كە باسی بودجە كراوە پابەندبوونی ئێمە بەتەنها لەسەر 250 هەزار بەرمیل نەوتەكە نیە، بەڵكو لەسەر كۆمەڵێك بابەتی ترە، یەك لەوانە "تەعریفەی"گومرگە كە ئێستا هەرێمی كوردستان و بەغداد یەك "تەعریفە"ی گومرگیان هەیە، وەلەسەر باج یەك سیستم جێ بەجێ دەكەین ئێستا " ئیزدواجیەتی باج"مان نە‌هێشتووە، وە لەسەر بابەتی نەوت-یش گەیشتوینە لێكتێگەیشتنی باش لەبەر ئەوەی ئەم بابەتە پڕۆسەیەكی دورودرێژە وە پێویستە وەفدێك لە ئەنجومەنی نەوت و گاز بچێتە بەغداد كە ئەمەش دەكەوێتە كابینەی داهاتوو، وە حكومەتی عیراقیش لەمە تێدەگات تا حكومەت پێكنەهێنرێت ناكرێت ئەوە، بۆیە كە گەیشتە ئەو بوارە ئەوانە هەمووی چارەسەر دەكرێت، من سوپاسی هەوڵی پەرلەمانتاران و وەزیری دارایی عیراق دەكەم بۆ هەوڵەكانیان سەبارەت بەچەسپاندنی بودجەی هەرێمی كوردستان."

سەبارەت بە ناردنی سێ موچە لەلایەن بەغدادەوە، ڕێباز حەملان وتی" لەمانگی یەك و دوو، بەغداد 317 ملیاری ناردبوو بەڵام ئێمە موچەی مانگی 10 و 11ی ساڵی 2018 مان پێدا، دواتر لەمانگی 3 بەغداد تەواوكاری 1 و 2 ناردبوو كە 136 ملیارە و بەڵام ئێمە بۆ پێدانی موچە پێویستمان بە 881 ملیار دینارە مانگانە، ئەگەرنا تا ئێستا بەغداد موچەی تەواوی ناردووە بەگوێرەی یاسای بودجە."

لەبارەی دەستپێكردنەوە بە وەرگرتنەوەی قەرزی پێشینەكان لەفەرمانبەران و بڕینی ئەو قەرزانە لە موچەكانیان وەزیری دارایی و ئابوری حكومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت" ئێمە كاتی خۆی شتێكمان وت بەهەڵە "تەفسیری بۆ كراوە" ئەویش وتمان، وەرنەگرتنەوەی پێشینەكان بەهۆی پەیڕەوكردنی سیستمی پاشەكەوت بوو، بەڵام كە ئێستا نەماوە دەبێت دەست بكرێتەوە بە وەرگرتنەوەیان بەڵام نەمانوتووە لە ئێستادا بۆیە هەموو ئەو هەواڵانە هی سۆشیاڵ میدیا و سەرچاوەی نادروستن، ئەگەرنا ئێمە لە ئێستادا هیچ بەرنامەیەكمان نیە پێشینەكان لەفەرمانبەران وەربگرینەوە وە هیچ ڕێنماییەكیشمان لەوبارەیەوە دەرنەكردووە، وتومانە لەداهاتوو كە دۆخی موچە خۆران و هەرێمی كوردستان چوەوە سەر سكەكەی خۆی، بەڵام لەم كاتەدا هیچ بەرنامەیەكمان نیە وەریبگرینەوە ."

وەزیری دارایی و ئابوری ڕەتیكردەوە هیچ فراكسیۆنێك یاداشتی دابێتە وەزارەتەكەی بۆ وەرنەگرتنەوەی قەرزی پێشینەكان و وتی" لەهیچ فراكسیۆنێك و پەرلەمانتارێكەوە یاداشت نەدراوەتە وەزارەتی دارایی وە ئەوەی كە باس دەكرێت كە لەژێر فشاردا بووە ئێمە خۆی هەر بڕیارمان نەداوە لەئێستادا ئەو قەرزانە وەرگرینەوە تا بكەوینە ژێر فشارەوە وە لە ئێستاشدا وەری ناگرینەوە هیوادارم هەموو موچە خۆران لەوە دڵنیابن، هیچ بڕە پارەمان لەفەرمانبەران نەبڕیووە چونكە هیچ ڕێنماییەكمان دەرنەكردووە وە بەهەموو گەنجینەكانیشتمان وتووە موچەی تەواو دابەش بكەن".

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئایا حكومەت بەنیازە پاشەكەوتی موچەكانی فەرمانبەران بداتەوە ڕێباز حەملان وتی" لەڕابردوودا پڕۆژە یاسای چاكسازی درایە پەرلەمان بڕگەیەكی ئەو پڕۆژەیە باسی ئەوەیە، وە دەبێت ئێمە لە گفتوگۆكانمان لەداهاتوو لەگەڵ بەغداد لەبیرمان نەچێت كە "تەئكید" لەوە بكەینەوە یەكەم هۆكاری پاشەكەوتكردنی موچە لەلایەن حكومەتی عیراقەوە یەكەم هۆكاری بەغدادە چونكە بەغداد بودجەی هەرێمی بڕی خۆ ئەگەر بودجە-شی بڕی دەبوو هەر موچەی بناردایە بۆیە ئەگەر حكومەتی هەرێم دەستی كرد بەدانەوەی موچە دەبێت بەشە زۆرەكەی حكومەتی عیراق ئەو ئەركە لە ئەستۆ بگرێت، بۆیە بەدڵنیایی كەدەست كرا بە گفتوگۆ لەگەڵ عیراق لەسەر بابەتە داراییەكان و نەوت ئەوە یەكێكە لەبابەتە سەرەكیەكان."

هەروەها ڕایگەیاند" سەبارەت بە دۆخی ئابوری كوردستان، لە سەردەمی كابینەی نوێی حكومەتی هەرێم بەرەو بوژاندنەوە دەڕوات ، ئەم كابینەیەی ئێستا بە سەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی ڕوبەڕووی زۆر ئاستەنگ و گرفت بوەوە هەر لەبڕینی بودجە، شەڕی داعش، هاتنی ئاوارەكان و خراپبونی پەیوەندییەكانی بەغداد و كوردستان و هەروەها ململانێ سیاسیە نێوخۆییەكانی ناو هەرێمی كوردستان بەڵام توانی تێیپەڕێنی و زۆری كێشەكان چارەسەر بكات، وە ئەو گرفتانەی كەماون دڵنیام كابینەی داهاتوو كێشە كەڵەكەبووەكان و ئاستەنگیەكانی داهاتوو چارەسەر دەكات وە دۆخی موچە خۆرانیش من دڵنیام "ئینشەئەڵا" ئەو گرفتانەی كە لەڕابردوو بەسەریاندا هات دووبارە نابێتەوە".



AM:09:25:11/04/2019