لە مەخمور شەڕو پشێوی لەنێوان هێزە عێراقییەکان‌و گەنجانی شارەکەدا روویدا

لە مەخمور کە بەشێکە لەناوچە جێناکۆکەکان و لەدوای ١٦ ئۆکتۆبەری ٢٠١٧ەوە کەوتۆتە ژێر دەستی هێزە عێراقییەکان، دوێنێ شەو بارگرژی لە نێوان هێزە عێڕاقییەکان و گەنجانی ئەو شارەدا روویدا و گەنجێک بریندارەو زیاتر لە ١٠ گەنجی تر دەستگیرکران.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە مەخمورەوە بە سپی راگەیاند دوێنێ ٢٨ ی نیسان لەنێو بازاڕی شارۆچکەی مەخموور شەڕ و پێکدادانی توند لەنێوان ژمارەیەکی زۆر لە گەنجی ئەو شارە و هێزێکی سوپای عێراق ڕوویداو لە ئەنجامدا گەنجێکی کورد بریندار بووەو ١٠ گەنجی تر دەستگیرکراون.

بەپێی زانیارییەکانی سپی، سەرەتای شەڕەکە لە دەمەقاڵێی نێوان گەنجێکی کورد و چەند سەربازێکی عێراق لەسەر ڕاگرتنی ئۆتۆمبێل دەستپێکردووە و دوای ئەوەی سەربازەکان لە گەنجە کوردەکەیان داوە.

پاش ئەو دەستدرێژییە، ژمارەیەک زۆر گەنجی دیکەی شارۆچکەکە بەهانای گەنجەکە چوونە و شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزێکی سوپای عێراق و دەیان گەنجی کوردی ڕوویداوە.

سپی زانییوویەتی هێزەکانی عێراق ژمارەیەکی زۆر ئۆتۆمبێلی سەربازییان هێناوەتە نێو بازاڕی مەخموور و تەقەیەکی زۆریان کردووە و لە ئەنجامدا گەنجێکی کورد برینداربووە و بە برینداریش لەگەڵ زیاتر لە ١٠ گەنجی دیکەی کورد لەلایەن هێزەکەی سوپای عێراق دەستگیرکراون.
 



AM:10:14:29/04/2019