خەسرۆ گۆران: دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت زۆر ئاساییە

ئەندامێكی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی ڕایدەگەیەنێت دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت زۆر ئاساییە  و دەڵێت "ئەوەی ئێستا هەیە كێشەكە لەلایەنی هونەرییە لەپۆستەكان نەك لەلایەنی سیاسی".

خەسرۆ گۆران، ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی پارتی ڕایگەیاند: وەك پارتی ویستومانە هەموو لایەنەكان بەشداری حكومەت بكەن، چونكە ویستومانە حكومەتێكی دەستەجەمعی پێكبهێنرێت، ئەگەرنا خۆ پارتی دەیتوانی بەتەنها حكومەت پێكبهێنێت و یەكێتی ناتوانێت بێ پارتی حكومەت پێكبهێنێت، ئەوەتا پارتی بە 50% نەیتوانیوە تا ئێستا حكومەت پێكبهێنێت ئەی یەكێتی چۆن دەتوانێت حكومەت پێكبهێنێت كەژمارەی كورسیەكانی لەپەرلەمان ناكاتە لە 18% .

هەروەها وتیشی: پارتی نایەوێ بەتەنها یا لەگەڵ لایەنێكی تر بێ یەكێتی حكومەت پێكبهێنێت، چونكە دەزانێت كێشە دروست دەبێت، دواكەوتنی پێكهێنانی حكومەت زۆر ئاساییە.

ئەو ئەندامەی سەركردایەتی پارتی كە بە دەنگی ئەمریكای ڕاگەیاندووە: كێشەكە لەلایەنی هونەری هەبوو لەپۆستەكان نەك لەلایەنی سیاسی، چونكە لایەنە سیاسیەكان گۆڕان و یەكێتیش ئامادەییان دەربڕیووە بۆ بەشداری كردنیان لەحكومەت وە ئێستاش قۆناغی زۆرباش بڕاوە، بەبۆچونی من لەم مانگەدا حكومەت پێكدەهێنرێت، لەگەڵ گۆڕانیش لەسەر خاڵە سەرەكیەكان ڕێككەوتن كراوە.

ئەو وتانەی ناوبراو لەكاتێكدایە دوێنێ ئارێز عەبدوڵا، ڕایگەیاند: ئەگەر كێشەی ناوخۆیی پارتی نەبوایه ‌ئەوا دەمێك بوو حكومەت پێكهاتبوو، لەناو خودی پارتی لەسەر دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم كێشە و ڕای جیاواز هەیە كە ئایا سەرۆكی هەرێم وەك پێشوو بێت؟ یا دەسەڵاتەكانی تەشریفاتی بێت؟ ئەمە بووەته ‌كێشه ‌لەناوخۆیاندا.

ئارێز عەبدوڵا دەشڵێت، مادام پارتی نەیتوانی لە ماوەی ئاسایی‌ و یاسایی حكومەت پێكبهێنێت، بۆیە پێویستە ڕێگا بەربدات یەكێتی حكومەت پێكبهێنێت یان هەڵبژاردن دووبارە بكرێتەوە.



AM:09:48:02/05/2019