کاتی کاردنی وێستگەی کارەبای خەبات راگەیەندرا

بەڕێوەبەری پڕۆژەی وێستگەی كارەبای خەبات ڕایدەگەیەنێت، تا كۆتایی مانگی یانزەی ئەمساڵ، بەشی یەكەمی وێستگەی تازەی كارەبای خەبات دەكەوێتە كار.

لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا، ئەندازیار محەمەد عومەر، بەڕێوەبەری پڕۆژەی وێستگەی كارەبای خەبات، ئاشکرای کرد تا كۆتایی مانگی 11ی ئەمساڵ، بەشی یەكەمی پرۆژەی وێستگەی تازەی كارەبای خەبات تەواو دەبێت و دەخرێـتە خزمەتی هاونیشتیمانیانەوە.

بەڕێوەبەری پڕۆژەی وێستگەی كارەبای خەبات ئەوەشی خستە ڕوو، كارەبا بەرهەمهاتووەكە تێكەڵی تۆڕی نیشتیمانیی كارەبای هەرێمی كوردستان دەكرێت و بە یەكسانی بەسەر هاونیشتیمانیانی هەرێمی كوردستاندا دابەش دەكرێت.

دەربارەی تێچووی پڕۆژەكە، بەڕێوەبەری پڕۆژەی وێستگەی كارەبای خەبات روونیكردەوە" تێچووی گشتیی پڕۆژەكەش 560 ملیۆن دۆلاری ئەمریكییە".

محەمەد عومەر دەربارەی توانای پێدانی کارەبام وتی" قۆناغی یەکەم توانای دابینكردنی 330 مێگاوات كارەبای هەیە و بەشی دووەمیش لە ساڵانی داهاتوودا تەواو دەبێت و هەمان بڕە كارەبا دابین دەكات". 



PM:05:54:13/06/2019