دەست بەسەر بڕێك گۆشتدا گیرا

لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی دەستی بەسەر بڕێك گۆشتدا گرت و قائیمقامیەتیش رایگەیاند "ئەو ئاژەڵانەی لەسەر شەقام و شاڕێكاندا دەفرۆشرێن، پشكنینیان بۆ ئەنجام نەدراوە و دوور لە رێنماییەكانیان سەردەبڕدرێن".

ئەمڕۆ یەكشەممە لە راگەیەندراوێكدا قائیمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەكردووە "لەدوو رۆژی رابردوودا لەلایەن لیژنە هاوبەشەكانەوە دەست بەسەر چەند ئاژەڵێكی سەربڕاودا گیراوە، كە خاوەنەكانیان بەدەر لە رێنماییە ڤێترنەری و تەندروستیەكان سەریاندەبڕن و لە شەقام و شارێكان، بەهاوڵاتیانی دەفرۆشن".

ئەوەشی خستووەتەڕوو "ئەو ئاژەڵانەی لەسەر شەقام و شاڕێكاندا دەفرۆشرێن، پشكنینان بۆ ئەنجام نەدراوە و دوور لە رێنماییەكانیان سەردەبڕدرێن، هەروەها گۆشتەكەی گومانی گواستنەوەی نەخۆشییە هاوبەشەكانی نێوان مرۆڤ و ئاژەڵی لێدەكرێت كە مەترسی بۆ سەر تەندروستی بەكارهێنەرانی دروست دەكات".

باسی لەوەشكردووە "داوا لە هاوڵاتیان دەكەین، ئەو جۆرە گۆشتە نەكڕن كە لەشەقام و شاڕێكاندا دەفرۆشرێن، هەروەها لە دووكانی گۆشفرۆشەكاندا پێش ‌كڕین، لەو مۆرەی بەسەر گۆشتەكەوەیە دڵنیابنەوە و لەكاتی هەبوونی گۆشتی مۆرنەكراو لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەت ئاگادار بكەنەوە".

راشیگەیاندووە "بەفەرمانی قائیمقامی سلێمانی، ئاژەڵە سەربڕاوەكان ڕادەستی بەڕێوەبەرایەتی ڤێرتەرنەری سلێمانی دەكرێت و ئەو ئامێر و كەلوپەلانەی بۆ كاری گۆشتفرۆشتن بەكاردەهێنرێت لەلایەن لیژنەی لەناوبردنەوە لەناوچەی تانجەرۆی شاری سلێمانی لەناودەبرێت، هەروەها خاوەنی ئاژەڵەكانیش رووبەڕووی یاسا دەكرێتەوە".

ژمارە تەلەفۆنی تایبەت بە لیژنە هاوبەشەكانی قائیمقامیەتی سلێمانی؛ 07708677777



PM:12:29:16/06/2019