وەزیری پەروەردە لەسەر تاقیكردنەوە وزاریەكان ڕوونكردنەوە دەدات

وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕونكردنەوەیەك لەسەرپرسیارەكان و ئەزمونە گشتیەكان بڵاو دەكاتەوە و رایدەگەیەنێت "بەرپرسیارێتی هەڵەو كەم و كورتیەكانیش لە ئەستۆی لیژنەی ئەزمونە گشتیەكانە".

پشتیوان سادق، وەزیری پەروەردەی حكومەتی هەرێم لە پەیجی تایبەتی خۆیدا لەژێر ناوی (سەرۆك و ئەندامانی لیژنەی باڵای ئەزمونەكان) دا نوسیویەتی "وێرای سوپاسێكی زۆرم بۆ هەموو ئەندامانتان و سەرپەرشتیاران و بەڕێوەبەر و مامۆستایانی چاودێر لە پڕۆسەی ئەزموونە گشتییەكانی ئەمساڵی خوێندنی (٢٠١٨ ـ ٢٠١٩)، پێداگری لە هەردوو كۆبوونەوەی (٨/٦ و ١٥/٦/٢٠١٩) دەكەمەوە ".

وەزیری پەروەردە راشیگەیاندوە" پێویستە هەر سەرنج و تێبینییەك كە لەسەر پرسیارەكان هەبێت، بە لیژنە و لە ئاستی هەموو پارێزگاكان یەكلایی بكەنەوە و چی لە بەرژەوەندیی قوتابیان و خوێندكارانە بڕیاری لەسەر بدەن."

پشتیوان سادق ،ئاماژەی بەوەشداوە " بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی سەرپەرشتیاریشم ڕاسپاردووە بۆ هەر پێشنیار و ڕایێك كە هەیانبێت لەم بارەوە و ئەوەی لەسەر بەندە پێویست بووە بۆ سەركەوتن و پاڵپشتی ئێوە بە زیادەوە كردوومانە، بەڵام بابەتە زانستی و هونەر و تەكنیكییەكانی ئەزموونەكان پەیوەندی بە خۆتانەوە هەیە بەرپرسیارییەكەشی لە ئەستۆی ئێوەیە و ئێمە لە هیچ ساڵێك و بە هیچ شێوەیەك تەداخوولی وردەكارییەكمان نەكردووە و ناشیكەین."

ئەمە لەكاتیكدایە قوتابیان و مامۆستایان لەبارەی پرسیارەكانی پۆلەكانی 12ی ئامادەیی و 9ی بنەرتیەوە رەخنەو گلەییان هەبوو ئاماژەیان بەوەدا بەشێك لەپرسیارەكان هەڵەیان تێدابووە.




PM:03:27:16/06/2019