دڵشاد عومەر: تاقیكردنەوەی وانەی كوردی 49 هەڵەی رێزمانی تێدابوو

بەڕێوەبەری پەروەردەی سلێمانی ڕەخنەی توند لە بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە دەگرێت و دەڵێت "ئەگەر لێپرسراوانی وەزارەتی پەروەردە گوێیان لێبگرتنیایە ئەوا تاقیكردنەوەی وانەی كوردی 49 هەڵەی رێزمانی تێدا نەدەبوو".

دڵشاد عومەر، بەڕێوەبەری گشتی پەروەردەی سلێمانی لە گرتە ڤیدیۆیەكی كورتدا كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوكراتەتەوە دەڵێت "ئەگەر لێپرسراوانی وەزارەتی پەروەردە گوێیان لێبگرتینایە، ئەوا تاقیكردنەوەی وانەی كوردی 49 هەڵەی رێزمانی تێدا نەدەبوو".

ئەو وتانەی بەڕێوەبەری گشتی پەروەردە لەكاتێكدایە ئەمڕۆش جارێكی تر خوێندكارانی پۆلی 12 لە زۆربەی شارە گەورەكانی هەرێمی كوردستان دەستیان بەخۆپیشاندان كرد، لە هەولێر لەبەردەم بینای پەرلەمان، لە سلێمانی لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەرورەدەی رۆژئاوا و لە شارەكانی هەڵەبجەو رانیەو دهۆكیش لەبەردەم پەروەردەی شارەكانیان خۆپیشاندان رێكخرا.

خوێندكاران لە خۆپیشاندانەكانیاندا ئاماژە بۆ ئەو هەڵانە دەكەن كە لە تاقیكردنەوەكانیاندا هەبووە، هەروەها دروشمی توند لەسەر وەزارەتی پەروەردەو حكومەت دەڵینەوەو، هەندێك لە خوێندكاران كتێبەكانی خوێندنیان لەبەرچاوی كامێرای رۆژنامەنووسان سووتان.

خوێندكاران رەخنەی توند لە وەزارەتی پەروەردە دەگرن كە بەدەم داواكاریەكانەوە ناچن و وەڵامیان نادەنەوە.



PM:03:43:23/06/2019