نەوەی نوێ: لەلایەن دادگاوە ڕێگری لە پارێزەرەكانمان دەكرێت

تیمی پارێزەرانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ڕاگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و ڕایگەیاندووە " ماوەی دوو رۆژە فەرمانگەی دادنوسی سلێمانی رێگری دەكات لە تیمی پاریزەران كە هۆشدارینامە بنێرن بۆ دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش".

لەو ڕاگەیەندراوەدا كە وێنەیەكی بۆ "سپی" نێردراوە تیمی پارێزەرانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ دەڵێن " ئەمڕۆش رێكەوتی ٢٠١٩/٧/٢ جارێكی تر سەردانی دادنوسمان كردەوە، بەڵام هۆشدرینامەكەیان ئاراستەی دادوەر نەكرد كە ئەمەیش تەواو پێچەوانەی یاسایە و ئەوپەری بێرێزییە بەرامبەر خودی یاسا و دادگا لە شاری سلێمانی لە سایەی كۆمەڵە كەسانێك كە كەس نازانێت بە چ ئەجندایەك ئەم كارە گوماناویانە ئەنجام دەدەن دژ بە سەروەری یاسا، كە تەنها مەبەست لێی ناشیرینكردنی فەرمانگە یاساییەكانە لەو شارە".

دەقی ڕاگەیەندراوەكە:

"فەرمانگەی دادنوسی سلێمانی رێگری دەكات لە سكاڵاتۆماركردن لەسەر دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش"

پاش ئەوەی رۆژی دوو شەممە رێكەوتی ٢٠١٩/٧/١ تیمی پارێزەرانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ چونە لای فەرمانگەی دادنوسی سلێمانی بە مەبەستی گرتنە بەری رێكاری یاسایی و ناردنی هۆشدارینامە تایبەت بە تۆماركردنی سكاڵا لەسەر دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، بەلام فەرمانگەی دادنوسی سلێمانی و بە دیاریكراوی دادنوسێك بە ناوی (دالیا) كە بەرپرسی دادنوسەكانی سلێمانیە، ماوەی دوو رۆژە رێگری دەكات لە تیمی پاریزەران كە هۆشدارینامە بنێرن بۆ دادوەری ناوبراو و رێگەنادات رێكارە یاساییەكان جێبەجێ بكرێن.

ئەمڕۆش رێكەوتی ٢٠١٩/٧/٢ جارێكی تر سەردانی دادنوسمان كردەوە، بەڵام هۆشدرینامەكەیان ئاراستەی دادوەر نەكرد كە ئەمەیش تەواو پێچەوانەی یاسایە و ئەوپەری بێرێزییە بەرامبەر خودی یاسا و دادگا لە شاری سلێمانی لە سایەی كۆمەڵە كەسانێك كە كەس نازانێت بە چ ئەجندایەك ئەم كارە گوماناویانە ئەنجام دەدەن دژ بە سەروەری یاسا، كە تەنها مەبەست لێی ناشیرینكردنی فەرمانگە یاساییەكانە لەو شارە.

ئێمە وەك تیمی پارێزەرانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ هەمو لایەك ئاگادار دەكەینەوە كە بەردەوام دەبین لە تۆماركردنی سكاڵای یاسایی دژ بە دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش و هەروەها رێكاڕی یاساییش دژ بەو دادنوسانە دەگرینە بەر كە رێگەنادەن یاسا جێبەجێ بكرێت.

ئەوانە ئەگەر هیچیان لە خۆیان شك نەبردایە و ترسیان نەبوایە، ئەوا نەدەبوو لە سكاڵایەكی یاسایی بترسن دژی دادوەرێك.

لە كۆتاییدا داوا لە هەمو یاساناسان و مافپەروەران و دادوەرە بەرێزەكانی ناو دادگا دەكەین كە رێ بەم ناشیرینكردنەی فەرمانگە یاساییەكانی سلێمانی نەدرێت و كارێك قبول نەكەن كە هاوڵاتیان گومان لە تەواوی سیستەمەكە و تەواوی یاساناسان بكەن، بەڵكو ئەو دادوەر و یاساناسە بەرێز و بێلایەنانە رێگەنەدەن ئەو جۆرە كارە نایاساییانە ئەنجام بدرێن.

تیمی پارێزەرانی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ٢٠١٩/٧/٢



PM:02:59:02/07/2019