1700 هەلی کار ڕاگەیەندرا

ئەمڕۆ پێشانگەی روانگە فورەس لە هەولێر کرایەوە. 166 کۆمپانیا لە 14 وڵات بەشداری پێشانگەکەن، پێشبینی دەکرێت نزیکەی دوو هەزار هەلی کار بۆ گەنجان و دەرچووی کۆلێژەکان و هەموو تەمەنێک بڕەخسێنێت.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە میانی وتارێکدا کە ئەمڕۆ، دووشەممە، لە پێشانگەی ڕوانگە پێشکەشیکرد ڕایگەیاند "تاوەکو ئێستا زیاتر لە 1700 دەرفەتی کار بۆ گەنجانی کارخواز لەو پێشانگەیە دەڕەخسێت، دەستخۆشییان لێدەکەم. هیوام ئەوەیە بەردەوام و سەرکەوتووبن بۆخۆیان و بۆ کارخوازان".

پێشانگاکە ماوەی دو رۆژ بەردەوام دەبێت و کۆمپانیای هەریەکە لە وڵاتانی (كۆریای باشور، کوەیت، لوبنان، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەڕەنسا، ئەمەریكا، كەنەدا، سوید، ئیمارات، سویسرا، دانیمارك، عێراق، كوردستان) بەشدارییان تێدا کردوە.

پێشانگای هەلی كاری 2019 (روانگە فوڕەس) لە لایەن دەزگای روانگە رێكخراوە و وا بڕیارە لە ماوەی دوو رۆژدا لە پێشانگاكەدا زیاتر لە 1700 هەلی كار بخرێتەڕوو، لە ماوەی سێ ساڵدا دەزگای روانگە هەلی کاری بۆ زیاتر لە چوار هەزار و 500 کەس رەخساندووە.


PM:09:08:15/07/2019