زانكۆی چەرموو بڕیاری یەکپۆشیدا

زانكۆی چەرموو لەچەمچەماڵ وەك یەكەم زانكۆی هەرێم بڕیاری یەكپۆشی بۆ ساڵی نوێی خوێندن دەركردو رەنگی جل و بەرگی خوێندكارانیش دیاریكراوە.

لە راگەیەندراوێكدا زانكۆی چەرموو ئاشكرایكردوە، ئەمڕۆ 28ی تەمموزی 2019 ئەنجومەنی زانكۆی چەرموو لەگەڵ نوێنەرایەتی گشتی خوێندكاران و نوێنەری كۆمەڵەی خوێندكاران كۆبوویەوەو بڕیاریاندا بەدیاریكردنی كۆدی جل و بەرگی یەكپۆشی خوێندكاران بەڕەچاوكردنی ژینگەی زانكۆی چەرموو لە پایتەختی شەهیدان و ئەنفالكراوان.

زانكۆی چەرموو رونیشكردوەتەوە،" بۆ كچان چاكەت و پێداویستی سەرەوە بلوز، قەمسەڵە، بۆینباخ رەنگی رەساسی، هەروەها كراسی سپی، پانتۆڵ، تەنورەو شانتۆڵ رەنگی نیلی، بۆ كوڕانیش چاكەت، بلوز، بۆینباخ، قەمسەڵە رەنگی نیلی، هەروەها كراسی سپی و پانتۆڵی رەساسی دەبێت".

ئەوەش ڕاگەیەندراوە كە بڕیارەكەیان دوابەدوای كۆبوونەوەی رۆژی 25ی تەموزی 2019ی سەرۆكی زانكۆ د.سەڵاح رەزا سەعیدو بەڕێوەبەرایەتی پرۆسەی بۆلۆنیا لەگەڵ خوێندكارانی زانكۆ دێت بۆ وەرگرتنی رای گشتی خوێندكاران و وەرگرتنی بۆچوونەكان و تاووتوێكرنیان بەمەبەستی بڕیاردان بۆ جێبەجێكردنی یەكپۆشی خوێندكاران بۆ ئەمساڵی نوێی خوێندن لە زانكۆكەیان.


PM:05:16:28/07/2019