دابه‌شكردنی‌ موچه‌ی‌ چەند وه‌زاره‌تێک دواده‌كه‌وێت

سەرەڕای ئەوەی دابەشکردنی موچەی مانگی پێنجی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم بەردەوامی هەیە، بەڵام دابەشکردنی موچەی چەند وەزارەتێک دوادەکەوێت.

سەرچاوەیەکی ئاگادار لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێم بە "سپی" ڕاگەیاند "ئەمڕۆش پشکی دیاریکراوی موچەی فەرمانبەران لە بەغداوە نەخراوەتە سەر حساب بانکی هەرێم و نازانرێت کە سبەی دەنێردرێت یان نا".

سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی وتیشی "ئەگەر ناردنی بەشە موچەی فەرمانبەران لەلایەن بەغداوە زیاتر دوابکەوێت دابەشکردنی موچەی ئەو وەزارەتانەش کە تا ئێستا دابەش نەکراون دوادەکەوێت".

وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابەشکردنی موچە پشت دەبەستێت بە پارەی نەوتی فرۆشراو و بڕی 454 ملیاری دیناری بەغدا، کە مانگانە بۆ موچەی فەرمانبەرانی دەنێرێت.

ئەوەش لەکاتێکدایە بەر لە جەژنی قوربان و دوای جەژنیش بە پارەی نەوتی فرۆشراو موچەی بەشێک لە وەزارەتەکان دابەش کراون و لە ئێستادا زۆرینەی وەزارەتەکان لە چاوەڕوانی وەرگرتنی موچەدان.





PM:05:22:19/08/2019