لەبارەی پێوەری ئاوی ماڵان هاوڵاتیان ئاگادار دەكرێنەوە

قائیمقامیەتی چەمچەماڵ جەخت لەسەر جێبەجێكردنی داواكاریەكانیان لەسەر پێوەری ئاو دەكاتەوە و داواش لەھاوڵاتیان دەكات، پێوەرەكە ببەستن چونكە "لەبەرژەوەندیانە".

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێكی قائیمقامیەتی چەمچەماڵ دوای ئەوەی قائیمقامی چەمچەماڵ لەبەر بەرژەوەندی گشتی ھاوڵاتیانی سنورەكەو بەھۆی بونی كۆمەڵێك كەموكوڕی لەجۆرو كوالێتی پێوەرەكان بڕیاری ڕاگرتنی بەستنی پێوەری ئاوی لەسنورەكە دەركردو دواتر ژمارەیەك بڕیار لەوەزارەتی شارەوانی لەبەرژەوەندی ھاوڵاتیان دەركرا.

لەو ڕاگەیەنراوەدا ئاماژە بۆ ئەوەكراوە پارەی نرخی پێوەرەكە لەو پارەیە بگێڕدرێتەوە بۆ ھاوڵاتیان كە لەبری بەكارھێنانی ئاو لێیان وەردەگیرێت و ھاوڵاتیانیش ئازادن لەكام كۆمپانیا پێوەر دەبەستن، ماوەی بەستنەكەشی تاوەكو ١ی ٩ی ٢٠١٩یەو ھەر ھاوڵاتیەكیش  لەكاتی دیاریكراو پێوەر نەبەستێت غەرامە نەكرێت.

قائیمقامیەتی چەمچەماڵ دەشڵێت، "دوای جێبەجێبونی داواكارییەكان، داوا لەھاوڵاتیان دەكەین پێوەری ئاو ببەستن كە بەبۆچونی شارەزایان و كاربەدەستانی فەرمانگەكانی ئاو بەستنی پێوەری ئاو لەبەرژەوەندی ھاوڵاتیانەو ھاوڵاتی ئەوەندە پارە دەدات كە ئاوی پێدەدرێت".



PM:01:50:21/08/2019