ڕێگری لە خاوەن باخێك دەكرێت بەرهەمەكانی ساغ بكاتەوە...بە ئاوی ئاوەڕۆ ئاوی باخەكەی داوە

لەناوچەی كانی گۆمەی شاری سلێمانی لیژنەهاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی سزای خاوەن باخێك دەدەن كە سەوزە بە ئاوی ئاوەڕۆ بەرهەم دەهێنێت و لە بازاڕەكانی سلێمانی ساغی دەكاتەوە، خاوەنی باخەكە لەسەرپێچییەكەی ئاگاداركراوەتەوە و دەستیشگیراوە بەسەر ئەو كەرەستانەی كە بۆ ئاودانی سەوزە و میوەكە بەكاری هێناوە.

لیژنەی ژینگەی سەر بەلیژنە هاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی رێگری لە خاوەن باخێك دەكەن كە سەوزە بە ئاوی قورس "ئاوەڕۆ" لە نزیك شوێنی نیشتەجێبون بەرهەم دەهێنێت و جگەلەوەش بووەتە هۆی بێزاركردنی هاووڵاتیانی ناوچەكە. 

تابان محەمەد، سەرۆكی لیژنەی ژینگەی سەر بەلیژنەهاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند، لەسەر سكاڵای هاووڵاتیان بەدوواداچونیان بۆ بوونی باخێك كردووە لە گەڕەكی كانی گۆمەی شاری سلێمانی و پاش بەدوواداچوون دەركەوت خاوەنی باخەكە بە ئاوەڕۆی گەڕەكەكە سەوزە بەرهەم دەهێنێت و لە بازاڕەكانی سلێمانی ساغی دەكاتەوە، لەگەڵ ئەوەشدا هۆكار بووە بۆ پیسكردنی ژینگەی ناوچەكە و بێزاركردنی هاووڵاتیان.  

سەرۆكی لیژنەی ژینگەی سەر بەلیژنەهاوبەشەكانی قایمقامیەتی سلێمانی وتیشی "خاوەنی باخەكە لەسەرپێچییەكەی ئاگاداركراوەتەوە و دەستیشگیراوە بەسەر ئەو كەرەستانەی كە بۆ ئاودانی سەوزە و میوەكە بەكاری هێناوە، ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد بەهۆی سەرپێچییەكەیەوە خاوەنی باخەكە رووبەڕووی سزای یاسایی دەكرێتەوە و رێگەی پێنادرێت سەوزە بەو شێوازە بەرهەم بهێنێت".



PM:03:03:21/08/2019