لێکۆڵینەوە لەخەرجکردنی 20 ملیار دیناری پایتەختی رۆشنبیری دەستیپێکرد

لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمان رایدەگەیەنێت سەرنج و تێبینییان لەسەر چۆنیەتی سەرفكردنی بڕی 20 ملیار دیناری پایتەختی رۆشنبیری هەیە دەڵێن "بەشێك لەو پارەیە بۆ ژێرخانی كلتوری و بەشێكی دیكەشی بۆ بواری دیكە بەكارهاتووە".

نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 15ى ئەیلولى 2019 شاندێكی لیژنەی رۆشنبیری و راگەیاندنى پەرلەمانی كوردستان بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی سەرفكردنی بڕی 20 ملیار دیناری پایتەختی رۆشنبیری، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی رۆشنبیری سلێمانی-یان كرد و لەگەڵ بابەكر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی كۆبوونەوە.

لوقمان وەردی، ئەندامی لیژنەکە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: ئەو پارەیە لەساڵی 2013دا بۆ پایتەختی رۆشنبیری تەرخانكراوە كە لەو بڕە بەشێكی بۆ ژێرخانی كلتوری و بەشێكی دیكەش بۆ بواری دیكە بەكارهاتووە، ئەوان چەند سەرنج و تێبینییەكیان هەیە و دواتریش دەچنە وردەكاری دیكەوە و پاشان راپۆرت دەدەنە سەرۆكایەتی پەرلەمان.

هەروەها پێشەوا هەورامانی، پەرلەمانتاری هەمان لیژنە رایگەیاند: ئەوان لەمانگی ئازارەوە داوای روونكردنەوەی ئەو بابەتەیان كردووە و كاركردن لەم بابەتە نە لێدانە لە هیچ كەسێك نە بەئامانجگرتنی هیچ لایەنێكە، بەڵكو دەیانەوێت بزانن ئەو پارەیە چۆن خەرجكراوە.

وتیشی "ئەوەی مایەی دڵخۆشییە بەڕێوەبەری گشتی ئاماژەی پێكرد لەماوەی دەستبەكاربوونیدا بەدواداچوونیان كردووە بۆ ئەو پارانەی بە شانۆ یان فیلم دراوە، چونكە پڕۆژە هەیە پارەی بۆ تەرخانكراوە و پڕۆژەكە دیارنییە".

هاوكات بابەكر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەر لە سلێمانی رایگەیاند: پارەكان دیارە كە بەشێكی بۆ ژێرخانی كلتوری و بەشێكی بۆ چالاكییە، بەشێكیشی لەبانك ماوە، واتە پارەی نادیار نییە.


PM:05:27:15/09/2019