زیاتر لە ٩٠ سەرکردەی وڵاتە جیاکان لە نیۆرک کۆدەبنەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ژینگە

نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنفرانسێکی لەسەر " ژینگە" کە بابەتێکی گرنگی ئەم دەیەیە ساز کرد، کە سێ ڕۆژ لەمەوبەر گەنجانی جیهان لەسەری ڕژانە سەر شەقامەکان.
 
لە ٢٣ی ئەیلوولدا، نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنفرانسێکی لەسەر ژینگەپارێزی ڕێکخست تاکوو پلان بۆ ڕاگرتنی گەرمبوونی زەوی و تێکچوونی کەش و هەوای زەوی دابنێن. ئامانجی کۆنفرانسەکە دۆزینەوەی پلانێکە کە ڕێژەی کاربۆن لە جیهاندا بە ٤٥٪ کەم بکاتەوە، لە دەرەنجامی ئەم کۆنفرانسەش، نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەوێت فشار بخاتە سەر دەوڵەتە جیاجیاکانی جیهان کە زیاتر پارێزگاری ژینگە بن.


وتووێژکردن لەسەر ئەم بابەتە هەستیارە لە ٢٤ی ئەیلوولدا دەست پێ دەکات، کە بەیانی دەکات، یەکەم وڵات کە قسە بکات بەرازیل دەبێت، بە تایبەت دوای ڕووداوی گڕگرتنی ئەمازۆنیا کە بەڕازیل نەیتوانی لەکاتی خۆیدا کۆنترۆڵی ئاگرەکە بکات، زۆر کەس بە شکن لەوەی ئەگەر بەرازیل بەڕاستی پلانێکی باشیان هەبێت بۆ ژینگەپارێزی.


بەپێی ماڵپەڕی سی- ئێن- ئێن، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەنتۆنیۆ گەترێس، داوای لە سەرکردەکانی جیهان کرد کە بەبێ پلانێکی تۆکمە دەرنەکەون و ئامادە نەبن. ئەوانەی کە ئامادە دەبن بۆ وتووێژ کاتەکەیان سنووردار کراوە و تەنها ٣ خولەک دەبێت. تائێستا ڕێژەی کاریگەریی کۆبوونەوەکە نەزانراوە، لەبەر ئەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ناتوانن کۆنترۆڵی زیاتر لە ١٩٣ دەوڵەت بکەن و پێیان بڵێن ڕۆژانە چی بکەن و چی نەکەن، هەر بۆیە ئەم کۆبوونەوەیە تەنیا دوای پابەندبوونی ئەم ١٩٣ دەوڵەتە ئەنجامێکی ئەرێنی دەردەخات.


هاوکات نەتەوە یەکگرتووەکان هەلی بۆ ئێران و ئەمریکا ڕەخساند کە لە کۆنفرانسەکەدا وتووێژ بکەن، بەڵام ئێران وتووێژی لەگەڵ ترامپ ڕەت کردەوە و، جەختیان لەسەر ئەوە کردەوە کە ئامادەن بە بەکارهێنانی هێز پارێزگاری لە خۆیان بکەن، ئێرانیش ئامادەی هیچ گفتوگۆیەک نییە لەگەڵ ئەمریکادا سازبکات، تاکوو ئەمەریکا کەمپینی فشارخستنە سەر ئێران و سزاکانیان لەسەر هەڵنەگرن. جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، عەباس ئارغچی، لە وتووێژێکدا لەگەڵ "زە ئیندیپێندێنت" ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەو فشارە توندەی ئەمریکا خستوێتییە سەر ئێران بۆتە هۆی پەیدابوونی  پەرچەکردار لەلایەن ئێرانەوە، وتیشی کە بۆ ئەوەی ڕێککەوتنێکی ڕاستی ڕووبدات پێویستە ئەو جەنگە ئابوورییە لە نێوان ئەمریکا و ئێران کۆتایی بێت.


هەندێک لە سەرکردەکان پشتگیری خۆیان بۆ ژینگەپارێزی نیشان داوە، وەک ئەنجیلا مێرکلی سەرۆکی ئەڵمانیا و ئیمانوێل ماکرۆنی سەرۆکی فەڕەنسا؛ بەڵام سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکان، دۆناڵد ترامپ، پشتگیری کۆنفرانسەکە نییە و ئامادە نابێت، لەجیاتی ئەوە، ترامپ لە هەمان شوێن وتووێژێک سەبارەت بە بابەتی ئایینی پێشکەش دەکات. ترامپ یەکەم جاری نییە کە لەم بابەتانە ڕابکات، ئەمە پێشووتریش ڕوویداوە.

 
 لەگەڵ هەڵبژاردنی ترامپ بۆ سەرۆکایەتی بڕیاری دا ئەو پەیماننامەیەی ئۆباما لەسەر ژینگەپارێزی لەگەڵ فەرەنسا مۆری کردبوو، هەڵبووەشێنێتەوە. 

لە ئەیلوولی هەموو ساڵێکدا، نەتەوە یەکگرتووەکان کۆنفرانسێکی گشتی لە نیویۆرک ئەنجام دەدات کە چەندین کەسایەتی گرنگ وەک سەرکردەی دەوڵەتەکان و جێگری سەرۆکەکان و وەزیرەکان تێیدا بەشدار دەبن؛ ئەمساڵیش بە هەمان شێوە ئەم کۆنفرانسە ئەنجام دەدرێت، بەڵام کۆنفرانسی ئەمجارە، کە ٧٤هەمین کۆنفرانسی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکانە، تیشک دەخاتە سەر ژینگەپارێزی و گەرمبوون و تێکچوونی بارودۆخی زەوی، کە بابەتێکی هەستیاری هەواڵەکانی ئەم ڕۆژانەیە.

 


PM:02:59:23/09/2019