گرووپێك "سواڵكەر"ی دەگمەن و مەترسیدار دەستگیردەكرێن

گرووپێكی جیاواز و دەگمەنی سواڵكردن دەستگیركران كە خۆیان خستووەتە بەردەم ئۆتۆمبێل، بۆ ئەوەی پارە لە شۆفێرەكەی بستێنن و شێوازی زۆر جیاوازیان بەكار هێناوە بۆ پارە پەیداكردن.

بە گوێرەی ڤیدیۆیەك كە پۆلیس بڵاویكردۆتەوە دانپێدانانی ئەو گرووپە چوار كەسییە لە شاری بەغدا 15 كردەوەیان ئەنجامداوە، كە بە شێوەیی ئەنقەست خۆیان دەخستە بەردەم ئۆتۆمبێل، یان خۆیان بە ئاوێنەی لایەكان داداوە، بۆ ئەوەی بكەونە خوارەوە و شۆفێرەكە بۆ یارمەتیدان و گواستنەوەیان بۆ نەخۆشخانە بێتە خوارەوە، لەو ماوەیەشدا، بە بیانووی ئەوەی دەچنە نەخۆشخانە، لە رێگەی مامەڵەیان لەگەڵ شۆفێرەكە دەكرد و لە بەرامبەر بڕێك پارەی دیاریكراو، لە ئۆتۆمبێلەكە دەهاتنە خوارەوە.

وەك لە دانپێدانانەكاندا دەردەكەوێت، یەكێكیان لە بەرامبەر 300 بۆ 400 هەزار دینار، ئامادە بووە دەستی خۆی بشكێنێت و بیپێچێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانن سیناریۆ فێلبازییەكەیان سەر بگرێت، ئەوەی سەرپەرشتی كردووە، داوای كردووە بە دەستی شكاو خۆی لە تەنیشت ئۆتۆمبێلەكان بدات و خۆی بەرداتەوە، بۆ ئەوەی شۆفێرەكە دابەزێت، لەو كاتەشدا ئەوان بە شۆفێرەكە دەڵێن ئەوە برامانە و دەبوایە پارە بۆ نەشتەرگەریی دەستی پەیدا بكەین و نیمانە، لە بەرامبەر ئەو قسانەشدا شۆفێرەكان پارەیان پێداون.

وەك لە ڤیدیۆكەدا دیارە یەكێكیان لە ماوەی مانگێكدا، دوو جار دەستی شكاندووە، ئەوەش لەكاتێكدا بووە، كە سەرخۆش بووە، بۆ ئەوەی هەست بە ئازار نەكات.

 

 




PM:03:24:29/09/2019