مەسەدە: تورکیا پابەندی ئاگربەست نەبووە

بەیانی ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٠ی تشرینی یەکەم ئەنجومەنی سوریای دیموکرات "مەسەدە" لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند" تورکیا پابەندی ئاگربەست نەبووە و ئاگربەستەکە کاتییە، تاکو ئێستاش جەنگ و پێکدادانەکان لە نێوان هێزە کوردیی و تورکییەکان بەردەوامە". 


لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەدا مەسەدە ئەوەشی خستەڕوو: سەرەڕای ئەوەی ئەمریکا لە ١٧ی ئۆکتۆبەردا ئاگربەستی نێوان سوپای تورکیا و شەڕڤانانی راگەیاند و ئێمەش وەک هێزەکانی سوریای دیموکرات پابەند بووین بەو ئاگربەستەوە، بەڵام سوپای تورکیا لەشکرکێشیەکەی لە ناوچەکانی سەرێ کانی و گرێ سپی نەوەستاندوە، بەجۆرێک گەمارۆی شاری سەرێ کانی داوە.

 

ئەنجومەنی سوریای دیموکرات "مەسەدە" لە بەیاننامەکەدا ئاماژەی بەوەشکرد" بەهۆی هێرشەکانی تورکیا بۆ سەر باکووری سووریا، ٢٣٥ هاووڵاتی سڤیل شەهید بوون و ٦٧٧ هاوڵاتی دیکەش برینداربوون، ٣٠٠ هەزار کەسیش ئاوارەبوون".


هەروەها راپۆرتە پزیشکییەکان ئاماژە بەبونی چەندین حاڵەتی سوتان بەهۆی بەکارهێنانی چەکی فسفۆری سوتێنەری قەدەغەکرا دەکەن، کە زۆربەی حاڵەتەکان قورسن، داواش لە وڵاتانی جیهان و رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان دەکەن لێکۆڵینەوە لەوبارەوەیەوە ئەنجام بدەن. 






AM:11:59:20/10/2019