کۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی بەڕێوەچوو

ئەمڕۆ یەکشەممە کۆبوونەوەی لیژنەی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی بەڕێوەچوو و هەریەکە لە مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت ئامادەیبوون.

لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ له‌بارەی رەهەندە گشتییەکانی یاساکە و تایبەتمەندییە یاسایی و کارگێڕییەکەی کرا.

جەخت لەوە کرایەوە کە پێویستە پەلە بکرێت لە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسای چاکسازی وەك یەکێك لە کارە لەپێشینەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ناردنی بۆ پەرلەمانی کوردستان بۆ پەسەند کردنی.

بەگوێرەی ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەکە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دووپاتیکردەوە، چاکسازی پرۆسەیەکی زۆر گرنگە و پێویستە بە زووترین کات پڕۆژە یاساکە ئامادە بکرێت و ئاراستەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت.

وتیشی: چاکسازی دەبێ دادپەروەریی تێدا بێت و نابێت هیچ کەسێکی شایستە مافی بفەوتێت، بەڵام لە هەمانکاتدا رێگەش بە کاری نایاسایی و ناڕەوا نادرێت.

لیژنەی ئامادەکردنەوەی پڕۆژە  یاسای چاکسازی وەك بەشێکی گرنگی هێڵە گشتیەکانی کارنامەی کابینەی نۆیەم بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و بە سەرۆکایەتی وەزیری داد پێکهێنراوە.






PM:05:57:03/11/2019