خۆپیشانداکانی مەریوان چەندین کوژراو و برینداری لێکەوتەوە

لە شاری مەریوانی رۆژهەڵاتی کوردستان خۆپیشاندان ئەنجامدراو،  چەند هاووڵاتیی کوردی خەڵکی شاری مەریوان، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی  بەرامبەر گرانیی بەنزین، کوژران و بریندار بوون.


ماڵپەڕی کوردپا بڵاویکردەوە "رۆژی شەممە، ٢٥ی خەزەڵوەر، چەندین هاووڵاتیی ناڕازی لە کۆبوونەوەی مانگرتن بە گرانیی بێنزین، بە تەقەی هێزە نیزامییەکانی حکوومەتی ئێران کوژران و بریندار بوون".


سەرچاوەیەکی ئاگادار لەو بارەیەوە بەو ئاژانسەی ڕاگەیاندووە: "لە ئەنجامی شەڕ و تێکەڵچوونی هاووڵاتییانی ناڕازی لەگەڵ هێزە نیزامییەکان، هاووڵاتییەکی کورد بە ناوی عوسمان نادری  و هاووڵاتییەکی دیکە کە هەتا ئێستا شوناسی ڕوون نەبووەتەوە، گیانیان لەدەست داوە".


ئەو سەرچاوەیە هەروەها ڕایگەیاند: "هیوا نادری مێرمنداڵی تەمەن ١٣ ساڵان و شاهۆ وەلیدی و مێهران، لە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتیدا بەسەختی بریندار بوون".


ئەو سەرچاوەیە هەروەها دەڵێت: "بانکەکانی ئەنسار، میللی و سادرات لە شاری مەریوان و هەروەها پۆمپی بێنزینەکانی کاوە کۆنەپۆشی و خاوەری، لەلایەن هاووڵاتییانەوە ئاگری تێبەردراوە."


ئەو سەرچاوەیە هەروەها باسی لە برینداربوونی هاووڵاتییان دەکات و ڕایگەیاند: "ئەگەری زۆربوونی قوربانییان بوونی هەیە".
 


PM:08:29:16/11/2019