یاسین عومەر: پێشەنگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی زۆر شکستخوارد بوو

رۆشنبیر و نووسەر، یاسین عومەر رایگەیاند" یەکەمین پێشەنگای کتێب لە سلێمانی شکستخواردوو بوو".

 

 
لە بەرنامەی کوولتووری تیڤی " سپی " کە تایبەت بوو بە گفتوگۆکردن لەسەر پێشەنگای نێو دەوڵەتی کتێب، یاسین عومەر رۆشنبیر و شارەزای بواری پێشەنگای کتێب، دەڵێت" پێشەنگای نێو دەوڵەتی کتێب لە سلێمانی لە رووی ئامادەکاری و ئەو کتێبانەی هێنرابوون و ئەو کۆمپانیایەی کردبوویەوە، زۆر شکستخواردووبوو".

 

 
یاسین عومەر دەڵێت " هەست بە پەلەپڕۆزێ دەکرا لە ئامادەکردنیدا، هەروەها ئەو کۆمپانیایەی سپۆنسەری کردبوو هیچ پەیوەندی بە رۆشنبیری و کتێبەوە نییە".

 

 
لە وەڵامی پرسیارێکی بێژەری بەرنامەکەدا لەسەر هەبوونی ژمارەیەکی زۆر لە کتێبی ئاینی لە پێشەنگاکەدا، ئەو رۆشنبیرە دەڵیت" من هیچ کێشەم لەگەڵ فیکر و کتێبی ئاینیدا نییە، بەڵام ئەو کتێبانەی هێنرابوون زۆریان دینی بوون، لەنێو ئەوانیشدا فیقهی ئیسلامی بوون، کە زۆرێک لەو کتێبانە کۆن بوون و ئەمڕۆ خوێنەری وڵاتانی جیهانی عەرەبیش رازی ناکەن، هەروەها ژمارەیەک لەو کتێبانە ئەوانە بوون کە کێشەیان دروستکردووەو، بنەمای توندرەوین".

 

 
ئەو خاڵە پۆزتیڤەکانیش دەبینێت و دەڵێت "پێشەنگاکەی نێو دەوڵەتی کتێب لە سلێمانی و پێشەنگاکانی هەولێریش لەوەدا کۆدەبێتەوە کە سانسۆر لەسەر هیچ کتێبێک نەبووە، بەپێچەوانەی زۆر وڵاتی ناوچەکە بەتایبەتی وڵاتانی کەنداو کە کێشەیان هەیە لەگەڵ چەندان کتێب و سانسۆری دەکەن.

 

 
یاسین عومەر پێیوایە کە پێشەنگاکەی سلێمانی سوودی لە پێشەنگاکەی هەولێر و کەموکووریەکانی نەکردووە، ئەو جەخت لەسەر ئەوە دەکاتە کە پێشەنگاکانی هەولێر بۆ کتێب پێشەنگای " راقین"، بەهۆی ئەوەی هەموو ساڵێک دەکرێتەوەو وردە وردە برەوی بەخۆی داوەو کەموکوڕیەکانی کەمبۆتەوە.  

 

 
لەژێر چاودێری د. بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق، لە یادی 235 ساڵەی دامەزرادنی شاری سلێماندا رۆژی ١٤ی تشرینی دووەم یەکەمین پێشانگای نێودەوڵەتی کتێب لە سلێمانی کرایەوە.



‎پێشانگاکە بەبەشداری چەندین ناوەندی بڵاوکردنەوەی کوردی و عەرەبی و بیانی لەگەڵ پێشکەشکردنی چەندین بەرنامە و سیمینار و کۆڕی رۆشنبیری و چالاکی هونەری بۆ ماوەی ٩ رۆژ بەردەوام بوو.


 


PM:01:26:08/12/2019