دوای ٣٤ ساڵ بەسەر شەهیدکردنی ٣ خوێندکاردا، پەنجەی کارئاسانیکردن بۆ قوتاربوونی تاوانباران، بۆ تاڵەبانی‌و کۆسرەت رەسوڵ رادەکێشرێت

برای گەورەی یەکێک لەو سێ خوێندکارەی لەبەردەم سانەوی رۆشنبیر لە سلێمانی لە رۆژی ١٧/١٢/١٩٨٥دا شەهید کران، بۆ جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتی یەکێتی و، کۆسرەت رەسوڵ جێگری سکرتێر رادەکێشرێت کە کارئاسانیان کردووە بۆ شێخ جەعفەر بەرزنجی پارێزگاری ئەو دەمەی سەدام دەڕوخێت تا دەست خەڵک و هێزەکانی هاوپەیمانان نەکرێت.

بەختیار عوسمان، برای سەردار عوسمان کە یەکێک بوو لەو سێ خوێندکارەی کە دوای مانگێک لە دەستگیرکردنیان لە رۆژی ١٧/١٢/١٩٨٥ دا بە چاو بەستراوی لەبەردەم سانەویەکەیان، رۆشنبیر شەهید کران، هە‌ڵهاتنی تۆمەتباری سەرەکی ئەو رووداوە، دەخاتە ئەستۆی تاڵەبانی و کۆسرەت رەسوڵ، جەخت لەسەر ئەوەش دەکاتەوە کە ئەوان لە دوای رووخانی رژێمەوە لە ساڵی ٢٠٠٣ دا کار ئاسانییان بۆ شێخ جەعفەر بەرزنجی کردووە لە سلێمانی هەڵبێت.

 

بەختیار عوسمان وەک لە واڵی خۆی لە فەیسبووک بەبۆنەی تێپەڕبوونی ٣٤ ساڵ بەسەر شەهیدکردنی براکەیدا بڵاویکردۆتەوە، هاوکات بە ماڵپەڕی " سپی " شی راگەیاند" ئێمە لە بەندینخانەکانی سلێمانی و سەماوە بەند کرا بوین و نەماندەزانی ڕۆڵەکانمان ( ئارام و سەردار و هیوا) بەدەستی ئەمنەکان و جاشە خۆفرۆشەکان و بە بەرچاوی خەڵکەوە گوللەباران کراون، نەماندەزانی ماڵیان داگیرکردوین و خانویان ڕوخاندوین، ئێمە سەرمای سجنی حامیەی سلێمانی و گەرمای تاقەتپڕوکێنی سجنی سەماوەمان بە خەمی گیرانی ڕۆڵەکانمانەوە بەڕێدەکردو نەماندەزانی ئەوان بوونتە ئەستێرەی سوری ئاسمانی شەهیدانن".

 

بەختیار کە برای شەهید سەردارە کە بچوکترین خوێندکاربوو لەو سێ خوێندکارە شەهیدە، دەڵێت" ئێمە دوای سێ ساڵ لە بەندی و ئیقامە ئیجباری کە لە خواروی عێراقەوە گەڕاینەوە ، کەوتینە سەر هەواری خاڵی و گۆڕی شەهیدەکانمان ، ئێمە بە هیوای سەرکەوتنی گەل و ڕزگاربونی کوردستان لە گڵکۆی شەهیدەکانمان دەڕوانی ، بەڵام نەماندەزانی بە دوی ڕاپەڕیندا ، پارێزگاری سلێمانی کە سەرپەرشتیاری تاوانی گوللەبارانکردنی ڕۆڵەکانمان بوو بە دەستی پیاوانی حیزب و بنەماڵە لە قەرەداغی شەهید (ئارام)دا دەشارێتەوە و دواجار قوتار دەکرێت بۆ دەرەوەی کوردستان، بەڵێ نەماندەزانی ئەوانەی کە لە لیژنەی حیجز کردنی ماڵەکانماندا بوون ، پلە و پۆستی دوای ڕاپەڕین وەردەگرن".

 

برا گەورەکەی شەهید سەردار کە دوای راپەرین لەسەر هەمان کێشە برایەکەی تریشیان بەناوی رێبوارەوە کە پیشەی ئەندازیار بوو، شەهید کرا، دەڵێت" بەڵێ زۆر شتمان نەزانی و ئەمێستا دەیزانین".

 

ئەو لە کاتێکدا پەنجەی تۆمەت رادەكێشێت بۆ تاڵەبانی و کۆسرەت رەسوڵ، پشت بە چاوپێکەوتنێکی شێخ دلێر مستەفا دەبەستێت کە کەسایەتیەکی دیاری ناوچەی قەرەداغەو لە گەڵ گۆڤاری خێزاندا لە دوای رووخانی سەدامەوە ئەنجامی داوە، گۆڤارەکە لێیدەپرسێت: دەنگۆ هەیە کە (شێخ جەعفەر بەرزنجی)ت لە گەوڕدا شاردۆتەوە، شێخ دلێر دەڵێت: لە سالی ١٩٦٢دا ئاوایی شێخ مستەفای بینیووە، لە هەولێریش بەفێل رایانگرت، خودی مام جەلالیش ئامادەبوو پێشوازی لێبکات، نە لەیەکێتی و نە لە حکومەتی هەرێمیش قاچاخ نەبووە، منیش لەسەر ئەو کارە قسەم لەگەڵ مام و کاک کۆسرەت کردووە".

 

" ماڵپەڕی سپی" پرسیاری ئەوەی کرد کە شێخ جەعفەر بەرزنجی پارێزگاری سەردەمی بەعسی سلێمانی پەیوەندی بەو رووداوە، چییە، بەختیار شێخ عوسمان، برای شەهید سەردار، دەڵێت" شێخ جەعفەر مستەفا تەنها پارێزگار نەبووەو سەرپەرشتیاری لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی بووەو هەر خۆشی سەرپەرشتی ئەو رووداوی رەمی کردنەی برا بچووکەکەی من و هەردوو هاوڕێکەی کردبوو".

 

بەختیار عوسمان کە بەدواداچوونی بۆ شێوەی شەهیدکردنی براکەی و دوو هاوڕێکەی کردووە، دەڵێت " رۆژی شەهیدکردنەکەیان، بەڕێوەبەری ئەمنی سلێمانی و بەڕێوبەری مونەزەمەی بەعس و شێخ جەعفەر بەرزنجی پارێزگاری ئەو دەمەی سلێمانی لە بینایەی مونەزمە کە ئێستا ( لقی چواری پارتی) یە، بەڕێوەبەری قوتابخانەکانیان کۆکردۆتەوە، یەکێک لەو بەڕێوەبەرانە کە بانگهێشتی کۆبوونەوەکە کرابوو بۆی گێڕامەوە، کە لەو کۆبوونەوەیەدا شێخ جەعفەر و هەردوو بەرپرسەکەی رژێمی سەدام وتویانە مامۆستایەکی عەرەبیان کووشتووین، ئێمەش خۆمان دەزانین چیدەکەین، سەریان خستین بۆ ناو پاسێک و هێناینیانە بەردەم سانەوی رۆشنبیر و لەوێدا سێ خوێندکاریان بەچاوبەستراوی لە ئۆتۆمبیل داگرت و لەپەنا دیواری قوتابخانەکەدا بەر دەستڕێژی گوولەیان دان".

 

لەدوای ئەو ردووداو لە کۆتایی پایزی ١٩٨٥دا کە دەنگدانانەوەیەکی زۆر تراژیدی لەسەر هاوڵاتیانی سلێمانی و کوردستان دروستکرد، ئەو دەمە شێرکۆ بێکەس شاعیری ناسراوی کورد کە لە چیاکان لەنێو ریزەکانی پێشمەرگەدا بوو، هۆنراوەی " شایی شەهیدی " بۆ ئەو سێ خوێندکارە شەهیدە نووسی کە لەو دەمەدا دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبوو.( هۆنراوەکەی شێرکۆ بێکەس لە کۆتایی راپۆرتەکەدا دەبینیت).

 

شێخ جەعفەر بەرزنجی و چەندان تۆماتباری دی، هەروەها موستەشارەکانی سەردەمی پێشووی رژێم کە دەستیان هەبووە لە ئەنفالی دەیان هەزار هاوڵاتی کورددا، نموونەی ئەو کەیسانەن کە لە کۆتاییدا دەبێت لە رێگای دادگاوە چارەسەر بکرێت وەک دۆسیەی نازیەکان و قەتولعامی جوولەکەکان لە جەنگی جیهانی دووەمدا روویاندا.

 

لە کوردستانیش لە دوای راپەرینی ١٩٩١ و رزگارکردنی بەشێکی زۆری باشووری کوردستان و دواتریش لە دوای رووخانی رژێمی سەدامەوە لە ٢٠٠٣دا رەخنەو تۆمەتبارکردنێکی زۆر دەخرێتە پاڵە سەرکردە کوردەکانی باشووری کوردستان کە دەستیان هەیە لە رزگارکردنی تاوانبارانی بەعس و داڵدەدانیان و بگرە وەرگرتنیان لە ریزەکانی حیزبەکانیاندا، بەتایبەتی هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری یەکێتی و پارتی، هەموو ساڵێکێیش لەگەڵ یادکردنەوەی شەهیدانی قوربانییەکانی دەستی سەرانی ئەو رژێمە، سەرلەنوێ ئەو کەیسانە دێنەوە بەر باس و لە میدیاکانەوە زانیاری کۆن و نوێیان لەسەر بڵاودەکرێتەوە.

------

قەسیدە بەناوبانگەکەی (شێرکۆ بێکەس) 

بۆ شەهیدانی بەردەم ئامادەی ڕۆشنبیری کوران  :

شایی شەهید :١٧-١٢-١٩٨٥

له  به رده می ئاماده ی روشنبیرو له به رده می  خۆماندا(مامۆستایاندا )شه هیدیان كردن،ئای چ رۆژگارێکی ره ش بوو ئه و مێژووه خوێناویه؟!!!!

حەڤدەی کانون
لە گیانەڵاوی پایزدا، پێش دوا کۆچی باڵندەی پار
بەیانیەکی خۆرەتاو، بەیانیەک ، ڕوومەتی گەش، وەکوو 
منداڵ،
پێئەکەنی و سورمەی شەوقی ئەدا لە شاری بن بنار.
بەیانیەکی خۆرەتاەو، کزەبای سارد، وەکو تەرزە
هەناسەی گردی سەیوان بوو.
وەکو هەموو بەیانیەک
ئەمڕۆیش شارم، شاژنێکی شڵەژاوی نیگەران بوو
تاوانی جل بەڵەک ... بەڵەک
لەسەر پیادەڕەوی شەقام
لە پێشوازی ئەو ڕۆژەدا
دەستیان ئەکردە مل سونگی و
تاقیان لێئەدا بۆ مەرگ
تاوانی جل بەڵەک بەڵەک
دەست لەسەر چەک
لەشی شعریان ئەپشکنی و 
گوڵیان ئەخستە ژێر پێیان.
بەیانییەکی خۆرەتاو
بەسەر شمشێری شەقامدا
یەک یەک، دوو دووقوتابیان
وەکو قەڵەمی ڕەنگاو ڕەندگ
هەنگاوی خێرای وشە بوون
هەنگ بوون ئەفڕین
بەرەو شانەی پۆلی مەکتەب.
* *
مانگی پژان و هەڵوەرین
حەڤدەی کانون، بەیانیەکی خۆرەتاو
لەژێرزەمینی شێداری بن شارەوە
لە زیندانی خونخوارەوە
سێ جوانویان هێنایە دەر
سێ جوانوی تۆڕ
لە مێخ یاخی
چاو ئاگرین 
پشت داخ کراو
یاڵ خوێناوی
لە ناو تەندووری تانکێکدا
سەربەرەوژوور ئەیانبردن بۆ سەربڕین.
 * *
مانگی پژان و هەڵوەرین، حەڤدەی کانون
لە ڕۆژێکی خۆرەتاودا
لەبەردەمی مەکتەبێکی حەپەساودا
لە پاڵ دیاوارێکی نزما، ڕایانگرتن
ئەرخەوان بوون (پیرەمەگرون)
سێ ئاسک بوون
سێ ئاسکی (سلێمانی)
سێ جوانوی وەرزی قوربانی،
سێ گۆرانی،
سێ دارنەمام،
"سەردار" لقی دارچوالە بوو
یەکەم بەهار بوو گوڵ بگرێ
"هیوا".. ئەتوت کانیەکەو پێ ئەکەنێ
"ئارام" بێچوە هەڵۆی چاو تیژ
ئەویست بەر لەوەی پەڕ دەرکا
بەرەو حەسارۆست هەڵفڕێ!
لە پاڵ دیوارێکی نزما ڕایانگرتن
شریخەیەک و دووان و سیان و چوارو دە
تفەنگ..خۆرەتاو ئەکوژێ!
تفەنگ..خوێنی گوڵەگەنم
بەسەر شەقامدا ئەڕێژێ!
تفەنگ.. چاوی ڕۆشنبیری هەڵئەکۆڵێ
تفەنگ .. تفەنگ
سێ پەڵە خوێن،  سێ کێڵگەی سوور
لە ژێر سێ داری ئەلەکتریکی بەر مەکتەبا
بۆ گڵۆپ و بۆ ڕێبواران بە جێ دێڵێ!.
   * *
حەڤدەی کانون، بەیانیەکی خۆرەتاو،
لە گیانەڵاوی پایزدا
بەر لەوەی ساڵ پاڵتۆی زستانە لەبەرکاو
گۆچانەکەی هەڵگرێت و دەستی لەرزۆک هەڵبڕێت و 
بە ئێجگاری ماڵ ئاوایی لەم دنیایە هەموی بکا.
بە سیانزە ڕۆژ پێش ئەوەی ژیان هەمدیسان
ساڵێکی تر مارە بکا!
لەو ڕٶژەدا، شاخەکانمان، لە لوتکەوە
بەرەو مێژوو
بازیان هەڵدا
تا بزانن کێن ئەوانەی لەو ساڵەدا
لە وڵاتی شەهیداندا
ئەبن بە خۆر...ئەبن بە مانگ.. ئەبن بە شا
     * *
حەڤدەی کانون، بەیانیەکی خۆرەتاو 
لەگەڵ دەنگی باڵەبانی چیای سووردا
لەگەڵ هۆرەی خاک و خۆڵی شارەزووردا
دەم بە گوڵ و لێو بە خەندە
"سلێمانی" سێ زاوای خۆی کردە پەردە
حەڤدەی کانون، بەیانیەکی خۆرەتاو لە ناکاودا
لەبەردەمی مەکتەبێکی حەپەساودا
لەبەردەمی مەکتەبێکی قژ ژاکاودا
شایی سێ زاوای ئێمە بوو
ڕەشبەڵەکی شەهیدان بوو
ئاهەنگی عیشق و سوتان بوو
لە ناو یارانی قوربانی ئەم شارەدا
لەو ڕۆژەدا کێت نەئەدی!
لەو ڕۆژەدا کوردستانم چاوی گێڕا
لە ئاپۆرەی زەماوەندا
ئەوەی لە دوو سەد ساڵەوە خوێنی دایەو
خۆی پێبەخشی
لەوێ ئەیدی
 * *
حەڤدەی کانون، بەیانیەکی خۆرەتاو، 
زەماوەندێکی گەورە بوو 
شاییی سێ کوڕی ئێمە بوو 
حەڤدەی کانون، بەیانیەکی خۆرەتاو، 
زەماوەندێکی گەورە بوو 
شاییی سێ کوڕی ئێمە بوو 
زاوا سیان بوون 
بووک سیان نەبوون، سێ گوڵاڵەی شەرمن نەبوون 
سێ ڕێواسی قاچ خەناویی کەلیخانی کوێستان نەبوون 
ئەوان سێ زاوای جل سوور بوون 
بووک سیان نەبوون، سێ کیژۆڵەی 
سێ ناسکۆڵەی وەکوو ھەرمێ کراس سپی 
سێ وەنەوشەی سوخمە شین و 
سێ ماکەوی خاڵدار نەبوون. 
زاوا سیان بوون، بووک سیان نەبوون 
بووک ھەر ھەموو کچەکانی سلێمانی و کوردستان بوون! 
بووک ھەر ھەموو کەنیشکەکانی گەرمێن و 
کیژی زۆزان و کوێستان بوون. 
ئەوان سێ زاوای ئەسپ سوار 
سێ زریان بوون 
بەڵام یارو دەزگیرانی گوڵ بەدەستیان 
ھەزاران خەج و شیرین و پەری خان بوون! 
ئەوان سێ شاخی زاوا بوون 
بووک سیان نەبوون 
ڕوبار.. بووک بوو 
بەفر.. بووک بوو 
باخچە ..بووک بوو 
شیعر.. بووک بوو 
لەوڕۆژەدا ئەوان زاوا و 
کوردستانم تازە بووک بوو!.
     
 




PM:06:14:17/12/2019