هەریەک لە سەرۆک کۆماری عێراق و سەرۆک کۆماری تورکیا لە پەیوەندیەکی تەلەفونیدا جەخت لەسەر سەربەخۆی و سەروەری عێراق دەکەنەوە.
ئەمڕۆ شەممە، ٤ ی کانونی دووەمی ٢٠٢٠ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا پەیوەندی بە بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراقەوە کرد.
بەپێی ڕاگەیەنراوی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق، هەردوولا تاوتوێی دۆخی ئێستای عێراق و ناوچەکەیان کردووە. سەرۆک کۆماری تورکیا جەختیکردووەتەوە لە “هەماهنگی بۆ پاراستنی سەروەری و سەربەخۆیی عێراق و ڕێگریکردن لەوەی عێراق ببێت بە گۆڕەپانی ناکۆکییە هەرێم و نێودەوڵەتییەکان.”
هەروەها، رەجەب تەیب ئەردۆغان سور بووە لەسەر “ کاراکردنی ڕۆڵی دەزگا نیشتمانییە عێراقییەکان بۆ پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری وڵات.”
هاوکات بەرهەم ساڵح، سەرۆک کۆماری عێراق جەختیکردووەتەوە لەسەر “سوربوونی عێراق بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا.”
سەرۆک کۆماری عێراق، ڕایگەیاندووە کە پێویستە هەردوولا “هاوکاری هەرێمی و نێودەوڵەتی یەکتر بکەن لەپێناو چارەسەری قەیران و کێشەکان".