سلێمانی .. هاوردەكردنی بەرهەمی پەلەوەر و گۆشت سنوردار دەكرێت

بەمەبەستی راگرتنی ھاوسەنگی و زیاد نەبوونی نرخ، ھاوردەی بەروبوومی پەلەوەری دیاری دەکرێت و جێگری بەرێوەبەری کشتوکاڵی سلێمانی-ش رایدەگەیەنێت" بەمەرجەکانی ڤێتەنەری و تەندروستی بەرھەمەکان ھاوردە دەکرێت".

 

ئەمڕۆ یەک شەممە ٢٠٢٠.١.٢٦ لە دیوانی قائیمقامیەت ئاوات محەمەد، قائیمقامی سلێمانی لەگەڵ لیژنەی دیاری کردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری پارێزگای سلێمانی کۆبوویەوە، پاش ھەڵسەنگاندن بۆ ئاستی بەرھەمھێنانی بەروبومی ناوخۆیی، بڕیاردرا پێداچونەوە بەبڕی ئەو بەروبوم و پێداویستیانەدا بکرێت کە ھاوردەی پارێزگای سلێمانی دەکرێت.

لە دوای کۆبونەوەکەش رزگار حمد خدر، جێگری بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی کشتوکاڵی سلێمانی وتی" بەلەبەرچاووگرتنی ھاوسەنگی راگرتن لە نێوان بەرھەمی ناوخۆ و ھاوردەکراو، ھەروەھا بەرز نەبوونەوەی نرخی بەرھەمی پەلەوەر لەسەر ھاوڵاتیان، لیژنەکە بڕیاری لەسەر بڕی بەرھەمی ھاوردەکراو داوە بۆ مانگی ٢ (شوبات)".

 

ڕاشیگەیاند"  لە کۆبونەوەکەدا جەخت لەسەر پەرەپێدانی بەروبومی ناوخۆ کراوەتەوە بۆئەوەی لەگەڵ بەروبوومە ھاوردەکراوەکاندا ھاوسەنگ بێت".

رزگار محمد ئاماژەی بەوەش کرد" بڕی ئەو بەروبومانەی لە مانگی شوباتدا ھاوردە دەکرێن بریتی یە لە ٥٠٠ تۆن ماسی، ٥٠٠ تۆن مریشکی بەستوو بەپێی پشکنینی تەندروستی و ٥٠٠ تۆن گۆشتی سور و ١٠ھەزار سەر ئاژەڵی زیندوو".




PM:09:04:26/01/2020