لەسەر کوژرانی خۆپیشاندەران، عەلاوی هەڕەشەی دەستلەکارکێشانەوە دەکات

بەرامبەر کوژران و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران لە شاری نەجەف، محەمەد تۆفیق عەلاوی، سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراوی عێراق هەڕەشەی دەستلەکاردەکێشێتەوە.
محەمەد عەلاوی لە وتەیەکدا ڕایگەیاند: “ئەو هەڵسوکەوتانە دەمانخاتە سوچێکی شەرمنانەوە و لەگەڵ بەردەوامی ئەوەی روبەڕوی گەنجان دەبێتەوە ناتوانین بەردەوام بین لەو ئەرکەی پێمان سپێردراوە”.

ئەو توندوتیژیەی شەوی رابردوو مەیدانی خۆپیشاندانەکانی نەجەف بەخۆویەوە بینی و تیایدا  ١١  کەس کوژران و  نزیکەی ١٠٠ کەسیش برینداربوون، عەلاوی وتی " تەنها بۆ بنیادنانەوەی ئەوەی روخێنراوە هاتوین بۆ وەرگرتنی ئەم ئەرکە نیشتمانیە، رێزگرتنی بۆچونەکان و بۆچونی کەسانی تر لە گرنگترین ئەو کارانەن کە پێویستە لەم ماوەیەدا هەوڵی بۆ بدەین، ئەوە رەتناکەمەوە لە مەیدانەکانی خۆپیشاندان هێمای “X” لە وێنەکەم بدرێت بەهێندەی ئەوەی هێرشکردنە سەر ئەوانەی وێنەی منیان بەرز کردوەتەوە رەتدەکەمەوە”.

محەمەد تۆفیق عەلاوی ئەوەشی رونکردووەتەوە: “هاوڵاتی ئازادە لە دەربڕینی بۆچونی خۆی و ئەرکمان ئەوەیە خزمەتی زیاتریان بکەین و رێزیان بگرین و بیانپارێزین، ئەرکی یەکەمی حکومەتی داهاتوش لێکۆڵینەوەی جدیە دەربارەی خروقاتەکان و ئەوەی بەرامبەر رۆڵەکانمان لە خۆپیشاندەران و هێزە ئەمنیەکان دەکرێت و لێپرسینەوە لەهەر کەس و لایەنێک دەکرێت لەپشت ئەو کارانەوە بێت، خوێنی عێراقیەکان تاکە هێڵی سورەو ئەگەر لەبەرچاومان بڕێژرێت ئەوە هیچ رێز و کەرامەتێکمان نابێت”.

سەرۆک وەزیرانی راسپێردراو لە کۆتایی قسەکانیدا وتیشی"لەم بارودۆخەی پێیدا تێپەڕ دەبین دەسەڵاتمان نییە چونکە هێشتا رێوشوێنەکانی پێکهێنانی حکومەت تەواو نەبووە، ئەوەی بەلامانەوە گرنگە ئەوەیە کار بکەین بۆ ئەوەی بارودۆخەکە نەگاتە ئاستێک کە کەس ئاواتی پێنەخوازێت".

 


PM:10:03:06/02/2020