شارەوانی سلێمانی زیادەڕەوی سەوزە و میوەفرۆشەكان تێكدەدات
شارەوانی سلێمانی ڕایدەگەیەنێت" كە تیمەكانی بەشی زیادەڕەوی بەردەوام لەخەمی ھاووڵاتیانن و هەڵمەتێكیان بۆ لابردنی سەوزە و میوەی سەر شەقامەكان ئەنجامدا".
سەرۆكایەتی شارەوانی سلێمانی لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە" تیمەكانی بەشی زیادەڕەوی بەھاوكاری بەشی ئامێرەكان و بەشی پۆلیسی شارەوانی و پۆلیسی ھاتووچۆ و ھێزی ئاسایش هەڵمەتێكیان ئەنجامدا بۆ فوولكەی شاری سپی".
ڕاشیگەیاندووە" شەقامەكە لەلایەن فرۆشیاران و دەستگێڕەكان داگیركرابوو بەدانانی كەلوپەل لەشەقامەكە و وەستانی ئۆتۆمبێل بۆ فرۆشتنی كاڵاكانیان و گرفتی ھاتووچۆیان بۆ ھاووڵاتیانی ناوچەكە دروست كردبوو"،
دەشڵێت" لەھەڵمەتەكەدا دەست بەسەر كەلوپەلەكاندا گیرا و ئۆتۆمبێلەكان ڕەوانەی حیجز كران لەڕێگەی بەڕێوبەرایەتی ھاتووچۆی سلێمانییەوە".
جەختیشی كردۆتەوە: بەشی زیادەڕەوی چەند جارێك ئاگاداری فرۆشیارانی ئەو شەقامەی كردەوە، كە نابێت لەم شوێنەدا كاڵاكانیان دانێن، بەڵام پابەندنەبوون و بەپێی یاسای ژمارە ٣ی ساڵی ٢٠١٨ كاری یاساییان بەرامبەر كراوە.
AM:10:10:07/02/2020