گومانی توشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنوری قەزای چەمچەماڵ دەکرێت، لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆناش لەو شارە کە دەکەوێتە سەر شاڕێگای نێوان سلێمانی- کەرکوک هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدات.
لە ئاگادارییەکی بەپەلەدا کە شەوی رابردوو بڵاوکرایەوە، لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چەمچەماڵ ڕایگەیاند: “ئاگاداری دانیشتوانی سنوری قەزای چەمچەماڵ دەکەین کە هەر ئەمڕۆ 22ی ئازاری 2020، گومانی توشبوون و گیان لەدەستدان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنوراکەماندا هەیە”.
لیژنەکە ئەوەش دەخاتەڕوو “تکایە هیچ کەسێک بەمەبەستی مەراسیمی ناشتن و پرسە سەردانی هیچ شوێنێک نەکات و لەماڵەکانی خۆتان بمێننەوە بۆ ئەوەی پارێزراوبن”.
شەوی رابردووش وەزارەتی تەندروستی هەرێم حاڵەتێکی تووشبووی لەو شارە راگەیاندو مەترسی تووشبووی زیاتریش دەکرێت.