پارێزگاری سلێمانی ئاگادارکردنەوەیەکی راگەیاند

پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر ئاگاداریەکی نوێی لەبارەی قەدەغەکردنی هاتوچۆوە راگەیاندو جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە هاتوچۆ لە ٦ی ئێوارەوەتا ١٢ ی شەو بەتەواوەتی تا ١٢ی شەو قەدەغەیە.


دەقی ئاگادارییەكە:

 
ئاگاداركردنەوەیەك لە لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناوە
‏‎هاووڵاتیانی خۆشەویست
‏‎بەناوی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆناوە، لەگەڵ ڕێزو سوپاسماندا بۆ خۆپارێزیی و خۆڕاگریتان؛ ئاگادارتان دەكەینەوە پابەندی تەواوی ڕێكارو ڕێنماییە تەندروستیی‌و كارگێڕیی‌و ئارامییەكان و قەدەغەكردنی هاتووچۆ بن.
‏‎لە سەعات (٦)ی ئێوارە بۆ (١٢)ی شەو قەدەغەی تەواوی هاتووچۆیە، جگە لەو بوارانەی لە بەیانی ژمارە (۲٦)ی وەزارەتی ناوخۆدا دیاریكراون، هەر جوڵەیەكی تر قەدەغەیە.
‏‎لە سەعات (١٢)ی شەو بۆ سەعات (٦)ی بەیانی تەنها بۆ حاڵەتی زۆر پێویستی دیاریكراو بەپێی ڕێنماییەكان لە سنوری قەزای مەڵبەندی سلێمانیدا ڕێگا بە هاتووچۆ دەدرێت.
‏‎لە سەعات (٦)ی بەیانی بۆ (٦)ی ئێوارە، قەدەغەی هاتووچۆ بەردەوام دەبێت جگە لەو كات‌و شوێنانەی ڕێگەیان پێدراوە.
‏‎هەر هاووڵاتیەك هەوڵی شكاندنی قەدەغە بدات بە ئۆتۆمبێل، ڕێكاری یاسایی توندی بەرامبەر دەگیرێتەبەر، پێویستە هاووڵاتیان تەنها بەپێ‌ لە گەڕەكەكانی خۆیاندا لەكاتی پێویستدا پێداویستیەكانیان دابین بكەن.
‏‎هیچ هاووڵاتیەك بە ئۆتۆمبێل بەدەر لە ڕێكارو ڕێنماییەكان، مافی جوڵەی نییە.
‏‎هەر تیمێكی پشكنین و چاودێریكردنی قەدەغەكردنی هاتووچۆ كەمتەرخەمیی بنوێنێت، بەپێی ڕێكارە دیاریكراوەكان ڕووبەڕووی سزای یاسایی دەبێتەوە.
‏‎بەڕێزان، بەخۆپارێزیی‌و خۆڕاگریی‌و پابەندیی ئێوە دەتوانین ئەم دۆخە مەترسیدارە تێبپەڕێنین، هەر سەركەشیی‌و بێباكیی‌و زیادەڕەویی‌و سەرپێچییەك زیانی گەورە بە تەندروستیی گشتیی‌ دەگەیەنێت و دەمانگەڕێنێتەوە بۆ چەقی مەترسییەكان.
‏‎بۆیە جارێكی تر داوای پابەندیی و خۆپارێزیی‌و خۆڕاگریتان لێدەكەین.
‏‎سوپاس بۆ هۆشیاریی و هەماهەنگیی‌و هاوكاریتان.
‏‎د.هەڤاڵ ئەبوبەكر
‏‎پارێزگاری سلێمانی
‏‎سەرۆكی لیژنەی باڵای ئۆپراسیۆنەكانی پارێزگای سلێمانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی كۆرۆنا
١٣/ ٤/ ٢٠٢٠

 


PM:07:16:13/04/2020