لە ئەنجامی بۆردومانی فڕۆکەکانی تورکیا بۆ سەر کەمپی مەخمور سێ ئافرەت شەهیدبوون.
ماڵپەڕی رۆژ نیوز، بڵاویکردەوە" فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی جەنگی دەوڵەتی تورک، لە کاتژمێر ٠١:٣٠ هێرشیان کردە سەر کامپی پەنابەرانی شەهید ڕۆستەم جودی لە مەخمور، لە ئەنجامیدا سێ ژنی گەنج شەهیدبوون، کە لە ئاژەڵداریی گەڕابوونەوە."
لە بۆردوومانەکەدا دوو ژنی گەنج ڕاستەوخۆ شەهیدبوون و یەکێکیش بە سەختی برینداربوو، هاوڵاتیانی کامپەکە خۆیان گەیاندە شوێنی ڕووداوەکە و تەرمی دوو شەهیدەکەیان گەڕاندەوە کامپەکە، وێڕای هەوڵدانی هەموو پزیشکەکان، بریندارەکەش بەهۆی سەختی برینەکەیەوە شەهیدبوو.( وەک رۆژنیوز دەڵێت ).
دوای بۆردومانەکە شاندێکی حکومەتی عێراق چوونە شوێنی ڕووداوەکە، دواتر سەردانی بریندارەکەیان کرد و دوای نووسینی ڕاپۆرتی خۆیان بۆ حکومەت، بەبێ هیچ لێدوانێکی ڕۆژنامەنووسی کامپەکەیان جێهێشت.
ناوی قوربانییەکان:
هاڤڤا ئاكدۆگان لە دایکبووی ١٩٨٨
عەزیمە ئاكدۆگان لەدایکبووی ١٩٨٧
عائیشە ئەحمەد فەرحان لە دایکبووی ٢٠٠٣