سەرۆك وەزیرانی نوێی عێراق بڵاوی دەكاتەوە، مووچەی خانەنشینان خەرج دەكات و حكوومەت خزمەتی ئەو چینە دەكات، رێیش نادات شەوێك عێراقییەك بنوێت تا حكوومەت پابەندبوونەكانی خۆی جێبەجێ نەكات.
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەرەی فەرمی خۆی لە تویتەر رایگەیاندووە" خانەنشینان و کەسانی کەمدەرامەت بەشێکن لە هاونیشتیمانیانی ئەم وڵاتە و گرنگی پێدان بە ژیان و گوزەرانیان بەشێکی سەرەکی دەبێت لە ئەرکی حکومەتی نوێ".
مستەفا كازمی ئاماژەی بەوەشکردووە" مووچەی خانەنشینان خەرج دەكرێت، عێراق ئەو كەسانە فەرامۆش ناكات كە چاكەیان بەسەریەوە هەیە و تەمەنی خۆیان لە خزمەتكردنی وڵات بەسەر بردووە و حكوومەتیش خزمەتیان دەكات".
هەفتەی ڕابردوو حكوومەتەكەی كازمی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق متمانەی پێ درا كە تا ئێستە ١٥ وەزارەت پێكهاتەی حكوومەتەكەیەتی و حەوت وەزارەت بە بەتاڵی ماونەتەوە.