نوسەری دیاری کورد لەبارەی خۆپیشاندانی ئەمڕۆی دهۆک و دەستگیرکردنی خۆپیشاندانەوە دەڵێت " دھۆک وەک زیندانێکی گەورە وایە".
د. مەریوان وریا قانع توێژەرو مامۆستا لە زانکۆکیەکی هۆڵندا لەبارەی خۆپیشاندانەکانی ئەمڕۆی فەرمانبەران و مامۆستایانەوە لە دهۆک دەڵێت" دوای نزیک لە سی ساڵ، ئەم فۆرمە لە حوکمڕانیی لە ھەرێمدا بە دۆخێک گەیشتوە جگە لە ترس و تۆقان و گرتن، شتێکی تری لە بەردەستدا نەماوە بەم کۆمەڵگایەی ببەخشێت. ئەوەی ئێستا لە دھۆک ڕوودەدات ئەو فۆرمە باڵادەستەی کاردانەوە دەبێت کە دەشێت لەمەولا بە بەردەوامی بیبینین".
قانع لێدوانێکی، حهمدی بهرواری، سهرۆكی رێكخراوی مافی مرۆڤی لە دهۆك کە بۆ رووداوی راگەیاندووە دەهێنێتەوەو دەڵێت " نزیكهی 100 كهس له خۆپیشاندهرانی دهۆك لهلایهن هێزه ئەمنییەکان دهستگیركراون و داوادهكهین به زووترین كات ئازادبكرێن.“
ئەو توێژەرە دەشڵێت" دوای ئەو ھەموو قەیرانانە کە ئیتر لە توانا و ویست و عەقڵەیتی ئەم حوکمڕانانەدا نییە چارەسەریان بکەین، لۆژیکی ئەمنیی لە ھەموو شوێنێکدا دەبێتە لۆژیکی باڵادەست. گرتنی ڕۆژنامەنووس، چالەکەوانی مەدەنیی، خەڵکانێک داوای مافە ھەرە سەرەتاییەکانی خۆیان دەکەن، تا بە گرتنی ئەوانەش کە دەشێت حوکمڕانان گومان لەوە بکەن خۆپیشاندان بکەن و ناڕەزاییدەرببڕن، دەبێتە تاقە کاردانەوەیەک بەرامبەر بەوەی وەک دەرنجامی ئەو ھەموو کێشەیە، بەڕێوەیە.
ئەمرۆ فەرمانبەران و مامۆستایان لە دهۆک گردبوونەوەیەکیان دژی دواکەوتنی مووچە سازکرد، بەڵام هێزە ئەمنییەکان بەدەیانیان لێ دەستگیرکردن.