جوتیار عادل: مووچەی پلەباڵا و تایبەتەکان کەمدەکەینەوە

وتەبێژی فەرمی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند" موچەی پلەباڵا و تایبەتەکان کەمدەکەینەوە".

 

کەمێک پێش ئێستا، د. جوتیار عادل، وتەبێژی فەرمی حكومەتی هەرێم لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" سەرجەم مووچەی پلە باڵا و تایبەتەكان كەمدەكرێنەوە و دادپەروەری بەدی دەهێنین لەنێوان بەرزترین مووچە و نزمترین مووچە".

 

ڕاشیگەیاند" سەرجەم وەزارەتەكان لیژنەیان پێكهێناوە بۆ جێبەجێ‌ كردنی یاسای چاكسازی و جێبەجێی دەكەن".

 

سەبارەت بە دابەشکردنی موچەی مانگی شوباتی ساڵی 2020 وتەبێژی حکومەت وتی" تا ئێستا دیار نییە کە دەست بە دابەشکردنی دەکەن، هەرکات پارەیان لە بەردەست بێت موچە دابەشدەکەن".

پەیوەست بە رێککارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا وتەبێژی حکومەت ئاماژەی بەوەکرد، رێککارەکان بۆ پاراستنی ئاسایشی تەندروستی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە.

دەشڵێت" بەپێی توانای دارایی حکومەت قەرەبووی ئەو زیانانە دەکەنەوە کە بە هۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە بەر هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کەوتووە".

 

سەبارەت بەگفتوگۆی هەرێم و بەغداد، وتەبێژی حكومەتی هەرێم روونیكردەوە: ئێستا داتاكان بەپێی پسپۆری وەزارەتەكان ئامادە دەكرێن و دواتر دانیشتن دەست پێدەكات بۆ ئەوەی بودجەی هەرێم بەپێی ئیستیحقاقی هەرێم بەپێی دەستور ئامادە بكرێت.

 

هەروەها وتی" لەچەند رۆژی داهاتووشدا گفتوگۆی عێراق و ئەمەریكا دەست پێدەكات بۆ رێككەوتننامەی ستراتیژی".

 
 






PM:04:41:03/06/2020