ئیدارەی گەرمیان چەند بڕیارێكی نوێی دەركرد

ئیدارەی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت" سكاڵا دژی ھەركەسێك تۆمار دەكرێت لەچاودێریكردنی دۆخی تەندروستی تووشبووانی كۆرۆنادا كەمتەرخەم بێت". 

سەڵاح كوێخا سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی گەرمیان و قائیمقامی كەلار و بەڕێوەبەری كاروباری مرۆیی و جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی و بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی كەلار و بەرپرسی لقی گەرمیانی سەندیكای كارمەندان و لەبەشێكیشیدا ژمارەیەك كارمەندی تەندروستی نەخۆشخانەی قەڵا، بەمەبەستی جێبەجێ كردنی ڕێوشوێنی نوێ‌ بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا كۆبووەوە و چەند بڕیارێكیاندا.

لە كۆبوونەوەكەدا، سەڵاح كوێخا دووپاتیكردەوە،”كە بەھیچ جۆرێك ڕێگە بە كەمتەرخەمی لە چاودێری تەندروستی تووشبووانی كۆرۆنادا نادرێ و ھەركەمتەرخەمێك لەم كەیسەدا لە ڕێی داواكاری گشتییەوە سكاڵای لە دژ دەجوڵێندرێت”.

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان جەختیشی كردەوە: ژیان وسەلامەتی خەڵك ھێڵی سوورە و ئیدارەی گەرمیانیش بەردەوام بۆ ئەم مەبەستە ئەوپەڕی پشتیوانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیانی كردووە و لەم بوارەشدا ڕێگە بە ھیچ ململانێیەكی نەخوازراوی حیزبی وكەسی نادرێ كە خەڵكی ھەژار و لێقەوماوی تێدا ببێتە قوربانی. 

سەرپەرشتیاری ئیدارەی گەرمیان ئەوەشیخستەڕوو: ناكرێ حكومەت لەم بارودۆخە ناھەموارەدا نەتوانێ مووچەی كارمەندانی بدات و داوای دەوام ئیلتیزامیشیان لێ بكات، بۆیە پێویستە دەست بەجێ لە وەزارەتی تەندروستییەوە دەست بە دابەشكردنی مووچە بكرێت.

هەروەها لە كۆبوونەوەكەدا چەند بڕیارێك درا كە ئەمانەی خوارەوەن:

١.دەست بەجێ بەشەناوخۆییەكی زانكۆی گەرمیان وەك نەخۆشخانە لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی گەرمیانەوە بۆ لەخۆگرتنی ئەو تووشبووانەی كۆرۆنا بەكاردەھێنرێت كە ھیچ نیشانەیەكیان نییە.

٢ . بەسوپاسەوە بۆ سەرۆكایەتی زانكۆی گەرمیان ڕۆژانە سوود لە تاقیگەی پشكنینی زانكۆ دەبیندرێت بۆ پشكنینی گومانلێكراوانی تووشبوو بە كۆرۆنا.

٣.تیمی تەندروستی چاودێری نەخۆشەكانی نەخۆشخانەی قەڵا بەدكتۆر و كارمەندەوە لە كاردا دەبن وتەواوی پێداویستیەكانی بۆ دابین دەكرێت.

٤.كێشەی كارپێكردنی ئامێرەكانی ھەناسەدانی دەستكردی نەخۆشخانەی قەڵا بەپەلە چارەسەر دەكرێت.

٥ . بەپەلە كار بۆ كردنەوەی نەخۆشخانەكانی فریاكەوتن لە سنووری ئیدارەی گەرمیان دەكرێت.

AM:12:00:23/06/2020