لەبارەی وادەی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان ڕوونکردنەوە دەدرێت

ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان خشتەی دابەشكردنی مووچەی تەواوی وەزارەت و دەستەكانی بڵاوكردەوە بەبێ ئەوەی وادەی دابەشكردنی مووچەی خانەنشینان لەخۆبگرێت، لەگەڵ ئەوەش بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ئاشکرای دەکات کە هەفتەی داهاتوو مووچەی خانەنشینان دەدرێ.

حازم ئیسماعیل بەڕێوەبەری گشتی خانەنشینیی هەرێمی کوردستان بە میدیاكانی پارتی راگەیاند"هەفتەی داهاتو مووچەی خانەنشینانی سەربازی و مەدەنی دەدرێ، بۆیە لە خشتەی وەزارەتی داراییدا باسی وادەی مووچەی خانەنشینان نەکراوە، چونکە لیستی لێبڕینی مووچەی خانەنشینان هەمووی تەواو نەکراوە". 

وتیشی" فەرمانبەرانی ئێمە خەریکی ئامادەکردنی لیستەکانن، چونکە بە لایەنی کەم ١٤٠ هەزار کەس لێبڕینی مووچه دەیانگرێتەوە، هەموومان خەریکین تا هەفتەی داهاتوو مووچەی خانەنشینانیش بدرێ". 

ئەو بەرپرسەی وەزارەتی دارایی خانەنشینانی دڵنیاکردەوە هیچ کێشەیەک نییە و مووچەکانیان دەدرێ.

AM:08:58:10/07/2020