به‌هۆی تۆپبارانی بناری قه‌ندیله‌وه‌ له‌ لایه‌ن ئێران شوانكارێك گیانی له‌ ده‌ستدا

بەهۆی تۆپپابارانکردنی بەرزاییەکانی قەندیل لە لایەن سوپای پاسدارانی ئێرانەوە شوانێکی کورد گیانی لە دەست دا.

بەپێی راپۆرتی گەیشتوو بە رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئێوارەی دوێنێ شەممە هێزەکانی سوپای پاسدارانی ئێران بەرزاییەکانی سنووری قەندیلیان لە ناوچەی پیرانشار بێ ئەوەی کە ئامانجێکی روونیان هەبێ دایە بەر تۆپبارانکردن. 

بەهۆی ئەو تۆپبارانکردنەوەکەوە، شوانێکی لاو بە ناوی "رەسووڵ باکەند" خەڵکی گوندی " بازرگان"ی پیرانشار بە سەختی بریندار بوو و پاش گواستنەوەی بۆ ناوەندە دەرمانییەکان، گیانی لە دەست دا.

ئەمە لە کاتێکدایە، ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو هێزەکانی سوپای پاسداران لە بەرزاییەکانی سنووری دەشتی وەزێنەی سەردەشت تەقەیان لە شوانێک بە ناوی "یووسف ئەحمەدی" کرد و کوشتیان. هەروەها ڕێکەوتی ١٣ی پووشپەڕ لە ئاکامی تەقەی هێزەکانی سوپای پاسداران بۆ ناو خاکی باشووری کوردستان، شوانێکی تەمەن ١٧ ساڵی خەڵکی چۆمان بە ناوی ڕێبین ئیسماعیل بە سەختی بریندار کرا.


 


AM:09:02:19/07/2020