پەرلەمان گفتوگۆ لەسەر دواكەوتنی موچەو بڕینەوەی هاوكاری بۆ ژنانی بێ‌ هاوسەر دەكات

‌پەرلەمانی كوردستان
بڕیارە رۆژی دوشەممە دانیشتنی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام بدرێت‌و تێیدا گفتوگۆ لەسەر قەیرانی دارایی هەرێم‌و دواكەوتنی موچەی فەرمانبەران‌و  بڕینەوەی هاوكاری بۆ ژنانی بێ‌ هاوسەر بكرێت.
سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان یوسف محەمەد سادق، بانگهێشتی سەرجەم پەرلەمانتاران دەكات بۆ ئامادەبون لە دانیشتنی رۆژی دوشەممە بەرواری (26/5/2014) كە بەرنامەی كارەكەش گفتوگۆكردن لەسەر دوو تەوەرو خوێندنەوەی نۆ پرۆژە یاسا لە خۆدەگرێت.
راوێژكاری‌ راگەیاندنی‌ سەرۆكایەتی‌ پەرلەمانی‌ كوردستان زاگرۆس ئەحمەد رایگەیاند،  لەسەر داوای ژمارەی یاسایی پەرلەمانتاران، بەرنامەی كاری كۆبونەوەكە گفتوگۆكردنە سەبارەت بە قەیرانی دارایی‌و ئابوری لە هەرێمی كوردستان‌و پێنەدانی موچەی هاوڵاتیانی موچەخۆرو خانەنشین.
هەروەها تەوەری دووەم گفتوگۆكردنە سەبارەت بە بڵاوكراوەی كونسۆڵگەریی گشتی كۆماری ئیسلامی ئێران لە سلێمانی سەبارەت بە زمان‌و نەتەوەی كورد، ئەوەش لەسەر داوای ژمارەی یاسایی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان.
هاوكات خوێندنەوەی‌ یەكەمی پرۆژە یاساكانی (پرۆژە یاسای هەمواركردنی سێیەمی یاسای خانەنشینی ئەندامانی پەرلەمانی كوردستان ـ عیراق ژمارە(13)ی ساڵی 1999ی هەمواركراو، پرۆژە یاسای پاراستنی خواردەمەنی، پرۆژە یاسای هەمواركردنەوەی موچه، پرۆژە یاسای رێكخستنی چاندن و گواستنەوەی ئەندامەكانی جەستەی مرۆڤـ لە هەرێمی كوردستان-عیراق، پرۆژە یاسای بەركاركردنی یاسای فیدڕاڵیی دەستەبەری (تچمین) ژمارە(12)ی ساڵی 2006، پرۆژە یاسای هاوكاری بۆ ئافرەتانی بێ هاوسەر، پرۆژە یاسای درێژكردنەوەی كاركردن بە یاسای تیرۆر، دو پرۆژە یاسا بۆ چاودێریی بەساڵاچوان لە هەرێمی كوردستان ـ عیراق، پرۆژە یاسای سندوقی موچە و خانەنشنیی هەرێمی كوردستان).



AM:10:25:24/05/2014