زێباری بۆ دووەم جار لەسەر لەشکرکێشی تورکیا هاتە دەنگ

لە کاتێکدا پارتی بە سەرۆک و مەکتەبی سیاسیەوە لەسەر لەشکرکێشی تورکیا بێدەنگە، بۆ دووەمجارە، هۆشیار زێباری هەڵوێست لەمەڕ ئەو لەشکرکێشیە پێشان دەدات و دەڵێت " پێویستە عێراق روبەڕووی فراوانخوازی تورکیا ببێتەوە".

هۆشیار زێباری ئەندامی مەکتەبی سیاسی پارتی بۆ دووەمجارە هەڵویستی خۆی لەسەر لەشکرکێشی تورکیا نیشان داو لەچاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەناڵی (العربیە)ی وتی " لە کۆندا عێراق لە سێ ویلایەت پێکهاتبوو، بەغدادو بەسرەو موسڵ، ویلایەتی موسڵ لە دهۆک و هەولێرو سلێمانی و کەرکوک و نەینەوا تاوەکو خانەقین پێکدەهات.  قسەکردنی تورکیا لەبارەی ویلایەتی موسڵ پێشتر لەسەر ئاستی بەرپرسانی تورکیا یەکێک لە بابەتە قەدەغەکراوەکان بوو، بەڵام ئێستا لەسەر بەرزترین ئاست قسەی لەبارەوە دەکەن".

هەروەها لەبارەی لەشکرکێشیەکەوە زیاتر دەڵێت و دەڵی "ئەرکی حکومەتی عێراقە دەنگی بەرزتر بێت لە روبەڕووبونەوەی فراوانخوازی تورکیا".

دەربارەی حکومەتی کازمی و پرسی چاکسازی، وتی " حکومەتی مستەفا کازمی دەرفەتێکە بۆ ئەنجامدانی چاکسازی راستەقینەو راگرتنی بەهەدەردان و گەندەڵی و دەستوەردانی بیانی لە عێراق".

 


AM:12:42:27/07/2020