گۆڕان: بزوتنەوەی گۆڕان هیچ کۆمپانیایەکی نییە

وتەبێژی فەرمی بزوتنەوەی گۆڕان لە رونكردنەوەیەكدا بۆ رای گشتی رەتیدەكاتەوە هیچ كۆمپانیایەكی بازرگانی یاخود هیچ كارێكی بازرگانیان لە دەروازە سنورییەكان هەبێت و رایدەگەیەنێت" بزوتنەوەی گۆڕان هیچ کۆمپانیایەکی بازرگانی نیە و هیچ کارێکی بازرگانی لە دەروازەکان و دەرەوەی دەروازەکان ناکات". 

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌:

 

رونکردنەوەیەک بۆ رای گشتی

 

هاونیشتمانیانی بەڕێز،

 

هەلسوڕاو و دەنگدەر و پشتیوانانی بزوتنەوەی گۆڕان

 

ماوەیەکە لێرەو لەوێ، هەندێک لایەن و کەس و ماڵپەڕ، لەچوارچێوەی شەڕی دەرونی دژ بە بزوتنەوەی گۆڕان و گۆڕانخوازان، پڕوپاگەندەو درۆی ژەهراوی بڵاودەکەنەوە، کە گوایە بزوتنەوەی گۆڕان کۆمپانیای بازرگانی هەیەو لە دەروازەکان کار ئەکات. ئەو لایەنانە، کەخۆیان رۆژانە سەرقاڵی بەدەستهێنانی نایاساییانەی داهاتن لە دەروازەکان، بۆ پەردەپۆشکردنی ئەو کارە دزێوەو دزیکردن لە داهاتی گشتی و قوتی هاونیشتمانیان، لەرێگەی ئۆرگانەکانیان وەیا ئەو کەسانەی خزاونەتە نێو بازنەی بەرژەوەندیەکانیان، دەیانەوێت بزوتنەوەی گۆڕان وەک خۆیان وێنا بکەن. دیارە ئەمە نەیەکەم جار و نە دواجار ئەبێت بۆ خۆڵکردنە چاوی هاونیشتمانیان و گۆڕانخوازان ئەم جۆرە پڕوپاگەندانانە ئەکرێن. بزوتنەوەی گۆڕان بە پێویستی ئەزانێت ئەم راستیانە بۆ هاونیشتمانیان و گۆڕانخوازان بخاتە روو:

 

یەکەم: بزوتنەوەی گۆڕان هیچ کۆمپانیایەکی بازرگانی نیە.

 

دوەم: بزوتنەوەی گۆڕان هیچ کارێکی بازرگانی لەدەروازەکان و دەرەوەی دەروازەکان ناکات.

 

سێیەم: بزوتنەوەی گۆڕان بەئەرکی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکانی دەزانێت، هەموو ئیجرائاتێکی یاسایی و ئسوڵی پێویست بگرێتە بەر بۆ کۆتایی هێنان بەو کارە نایاسایی و دزی کردنە لە مەرزەکان و قۆرخکاری بازاڕ و برەودان بە کۆمپانیای حزبی.
چوارەم: دروشمی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕان هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە تا ئێستاو لە ئایندەشدا، دوور خستنەوەی دەستی حزبە لە بازرگانی و قۆرخکاری وکۆنترۆڵ کردنی بازاڕ لەلایەن کەرتی حزبی و کەسایەتیە بەرپرسەکانی حزبەوە. بۆ ئەو ئامانجە خەباتمان کردوەو بەردەوام ئەبین.

 

دواجار داوا لە هەمو کەس و لایەنێک ئەکەین، گەر هەر جۆرە زانیاری و دۆکۆمێنتێکی لایە لەسەر بونی کاری بازرگانی بەناوی گۆڕانەوە، پێشکەشی رای گشتی و لایەنی پەیوەندیداری بکەن. بەپێچەوانەوە، قسە فڕێدان بەمەبەستی ناوزڕاندن و تۆمەتهەڵبەستن، بۆ پەردەپۆشکردنی راستیەکان و ون بونی کەیسەکە و تەڕ و وشک پێکەوە سوتاندن، ناچارمان ئەکات پەنا بۆ رێکاری یاسایی ببەین.

 

وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان
٢٩/٨/٢٠٢٠



PM:03:50:29/08/2020